به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نادر ییڵدرم، نوێنه‌ری پارتی دیموکراتیکی گه‌لان له په‌رله‌مانی تورکیا که به مه‌به‌ستی چاودێری له‌سه‌ر ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردن له باکووری سووریا سه‌ردانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی کردبوو له لێدوانێکدا ئاماژه‌ی دایه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ناوچه‌یی له کانتۆنه‌کانی باکووری سووریا و جه‌ختی کرده‌وه: پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ ئاماژه به به‌شداریی قه‌ره‌باڵغی خه‌ڵکی ناوچه‌که له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا بکه‌م. چاودێری له‌سه‌ر ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردن له نزیکه‌وه بۆ ئێمه دۆخێکی مێژوویی بوو. له‌وه‌ی که لێره‌م هه‌ست به له‌خۆبایی ده‌که‌م.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه کرد که هه‌موو گرووپ و چین و توێژه جۆربه‌جۆره‌کان له باکووری سووریا به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنه‌کان کرد و وتی: هه‌موو گرووپ و ئیتنیکه‌کان به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنه‌کان کردبوو و نوێنه‌رانی خۆیانیان هه‌ڵبژاردووه. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ههنگاوێکی ئه‌رێنی بۆ پێکه‌وه‌ژیان له ناوچه‌که‌یه. بۆ داهاتوویێکی ڕوونی ناوچه‌که هه‌موو گه‌لی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌توانن ئه‌و هه‌ڵبژاردنه پێوشوێنگری بکه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه په‌یامێکی ئاشکرا بوو بۆ هه‌موو پرس و کێشه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین که ده‌کرێت به ڕێوشوێنی دیموکراتیکیش چاره‌سه‌ر بکرێت. ئێمه بانگهێشتی هه‌موو ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌که‌ین که ئیراده‌ی گه‌لی باکووری سووریا- ڕۆژئاوا به فه‌رمی بناسێن.
نوێنه‌ری هه‌ده‌په ڕوونیشی کرده‌وه: ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجی ئێمه‌ی ڕاکێشاوه ئه‌وه‌یه که هیچ که‌سێک به دوای دابه‌ش بوونی سووریا نییه. په‌یامی هه‌ڵبژاردنه‌کان پێکه‌وه‌ژیانی هه‌موو لایه‌ن، گرووپ و که‌مینه سووریاییه‌کان به شێوه‌یێکی ئازادانه و دیموکراتیک بوو.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment