بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چوار ساڵ بەر لە ئێستا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕای گەیاند: لە ساڵی ٢٠١٥دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەگەیێننە ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئاستەکەی بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرز دەکەنەوە، بەڵام وا ساڵی ٢٠١٧ ش ماڵئاواییمان لێدەکات و بەهۆی شکستی سیاسەتی ئابووری دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، نە ئاستی هەناردەکردنی نەوت و نە داهاتەکەشی دیار نییە و هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتە ژێر باری قەرزێکی زۆرەوە.
ساڵێکی تەواوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕاپۆرتێکی هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکردووە و دوایین ڕاپۆرت کە بڵاوی کردەوە، مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو بوو کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو، ٥٦٧ هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردە کردووە لەو کاتەشەوە تا ئێستا جگە لە چەند کەسێکی دیاریکراو کەس نازانێت، هەرێم لە ١٢ مانگی ڕابردوودا چەند بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و داهاتەکەی چەندە بووە و بەرمیلێک نەوت بە چەند دۆلار فرۆشراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە تەنیا ڕۆژێک بەسەر مانگی ڕابردوودا تێپەڕیوە، حکوومەتی ناوەندیی ئاستی هەناردە کردنی نەوت و داهاتەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە مانگی ڕابردوودا ١٠٥ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە و داهاتەکەشی شەش ملیارد و هەشت ملیۆن دۆلار بووە.
بەشێک لە شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن: لە دوای ئەنجام دانی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، شکستی سیاسەتی ئابووریی هەرێم زیاتر زەق بووەتەوە و ئەو قەیرانانەی بەسەر هەرێمدا هاتوون دەرخەری ئەو ڕاستییەن لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی هەرێم بەبێ هیچ پلانێک ئەو سامانە گرنگەیان فرۆشتووە لە ژێر خاکی هەرێمدایە و لە جیاتی سوود و قازانج بە زیان بەسەر هەرێمدا شکاوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەساڵی ٢٠١٤دا کە هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو نەوتەکەی ڕادەستی بەغداد بکات و لە ڕێگەی کۆمپانیای بە بازار کردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە نەوتەکەی بفرۆشێت، حکوومەتی عێراق زیاتر لە ١٦ ترلیۆن دیناری بۆ هەرێم دیاری کردبوو بەڵام هەرێم دەستی کرد بە هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیێکی سەربەخۆ و بەوهۆیەشەوە بەغداد پشکی هەرێمی لە بودجەدا بڕی.
بەشێک لە شارەزایانی بواری نەوت ئاماژە بەوە دەکەن، پێشتر بەرپرسانی هەرێم ئامادەنەبوون لە بەرامبەر ڕادەست کردنی نەوتەکەیاندا پشکی١٧% وەربگرن و بەشی خۆیان و حزبەکانیان و زۆر شتی دیکە و مووچەی فەرمانبەرانیشی پێ دابەش بکەن، بەڵام لە ئێستادا وەک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، ئامادەن نەوت و هەرچی شتێکیان هەیە ڕادەستی بەغدادی بکەن لە بەرامبەر ئەوەشدا بەغداد مووچە بنێرێت، بەڵام تا ئێستا دیارنییە ئایا بەغداد جارێکی دیکە مووچەی هەرێم دەنێرێت یان نا، یاخود دەسەڵاتدارانی هەرێم جددین لە ڕادەست کردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێم بە بەغداد؟
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بڕی یەدەگی نەوتی هەرێم بە نزیکەی ٤٥ ملیارد بەرمیل دەخەمڵێنرێت و بڕی یەدەگی گازیش ٢٠٠ تریلیۆن پێ سێجایە، بەڵام هاوڵاتیانی هەرێم دوو ساڵە چاوەڕوانی دابەش کردنی بەرمیلێک نەوتن و بەشێکی زۆری ئەو هاوڵاتیانەش خاوەنی ٢٠ لیتر نەوت نین لە ماڵەکانیاندا.
سەرچاوە: NRT
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment