کورده‌کانی سووریا هیوایان به‌ به‌رده‌وام بوونی پاڵپشتیی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ YPG هه‌یه‌

به‌شی جیهان- به‌رپرسه‌ کورده‌کانی سووریا داوایان له‌ ئه‌مریکا کردووه‌ یارمه‌تیی سه‌ربازیی خۆی بۆ کورده‌کانی سووریا ڕانه‌گرێت چوونکه‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌و وڵاته‌دا هێشتاکه‌ ته‌واو نه‌بووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سێ به‌رپرسی باڵای کوردی سووریا هۆشداریان داوه‌ ڕاگرتنی یارمه‌تیی سه‌ربازیی ئه‌مریکا بۆ کورده‌کانی سووریا ناسراو به‌ YPG مومکینه‌ ببێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ سووریا هه‌ر بۆیه‌ش داوایان کردووه‌ ئه‌مریکا پاڵپشتیی خۆی له‌ کورده‌کان ڕانه‌گرێت.

ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکراتیک به‌ ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی ده‌یلی بیستی وتووه‌: هیوام ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگۆکان سه‌باره‌ت به‌ بڕانی هاوکاریی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ هێزی سووریای دیموکراتیک ڕاست نه‌بێت چوونکه‌ ئه‌وه‌ به‌ مانای فه‌راهه‌م کردنی به‌ستێنێکی دیکه‌یه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش. ئه‌نقه‌ره‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو سووریا نائارام بێت.

ناوبراو که‌ دیداری زۆری له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ ئه‌مریکییه‌کان له‌ سووریا و واشنتۆن کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ لێدوانی به‌رپرسانی تورکیا و ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ وه‌ستاندنی یارمه‌تیی سه‌ربازیی واشنتۆن بۆ کورده‌کانی سووریا ده‌ڵێت: هه‌ندێک جیاوازی له‌ لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆندا هه‌یه‌.

ئالان شمۆ نوێنه‌رێکی پارتی کوردیی یه‌کێتیی دیموکراتیکی کوردی سووریاش به‌ ده‌یلی بیستی وتووه‌: گومانی هه‌یه‌ له‌وه‌ی ئه‌مریکا پاڵپشتیی هێزی کوردی سووریا ببڕێت و لێدوانی به‌رپرسه‌ تورکه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕاست نییه‌.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ ئه‌مریکا پاڵپشتیی خۆی له‌ کورده‌کانی سووریا نابڕێت چوونکه‌ بڕینی هاوکارییه‌کان به‌و مانایه‌ ده‌بێت که‌ کۆنتڕۆڵی خۆی به‌ سه‌ر له‌سه‌دا 30ی خاکی سووریا له‌ده‌ست ده‌دات ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی سه‌پێندرانی هه‌ژموونیی ڕووسیا له‌ ناوچه‌که‌ هه‌ر بۆیه‌ هه‌رچی ڕوو بدات کورده‌کان توانای به‌رگری کردن له‌ خۆیانیان هه‌یه‌.

فه‌رهاد پاتیۆف نوێنه‌ری کورده‌کانی سووریا له‌ مۆسکۆش سه‌باره‌ت به‌ لێدوانی ناڕوونی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری بڕینی یارمه‌تییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ کورده‌کانی سووریا وتوویه‌تی: ئه‌مریکا وای پیشان ده‌دات له‌ سووریا به‌نیاز نییه‌ له‌ ته‌نگه‌ژه‌ و ململانێی نێوان هه‌ندێک هاوپه‌یمانی خۆی، خۆ ببوێرێت.

ناوبراو هۆشداری داوه‌ بڕانی پاڵپشتیی ئه‌مریکا له‌ کورده‌کانی سووریا به‌ مانای له‌مپه‌ڕنانه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر جێگیر کردنی سیسته‌می فیدڕاڵیی باکووری سووریایه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8892

Your Comment

You are replying to: .
captcha