بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، رایدەگەیەنێت پرۆژەیێکیان لەسەر دۆخی ھەرێم و پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دونیا پێشکەشی حکوومەت کردوە و دەشڵێت، ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا، نابێت ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم قبووڵ بکات.
کاوە مەحموود، بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکوومەت، لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆیان کرد"ئەوانیش پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا، بارودۆخی ناوخۆی ھەرێم، چۆنێتیی مامەڵە کردن لەگەڵ وڵاتانی دونیا، لەسەر ئەو تەوەرانەش پرۆژەیێکمان بەنووسراو پێشکەشی حکوومەت کرد".
سەبارەت بەناوەرۆکی پرۆژەکەیان باسی لەوە کرد، پرۆژەکەیان چەند خاڵێکە، لەوانە پاراستنی سەروەری و یەکڕیزیی خاکی کوردستان، گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵک،"دەبێت ھەڵبژاردن بکرێت لە زووترین کات نابێت چاوەڕوان بکەین تا ئەو خولەی پەرلەمان تەواو دەبێت ، پێویستیشە کۆدەنگییێکی واقیعی دروست بکرێت و پێداچوونەوە بە مووچە و بواری نەوت و بەشە بودجەی ھەرێم بکرێت".
سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە دانووستان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور بێت،"لەگەڵ ئەوەنین حکوومەت ھەموو رۆژێک بڵێت ئامادەی گفتوگۆین و بەغدا ئامادە نیە، چوونکە ئەمە وا نیشان دەدات ھەڵوێستی کوردستان لاوازە لەگەڵ بەغدا، دەبێـت گیانی بەرگریمان ھەبێت".
ئەوەی پەیوەندیی بە ریفراندۆمەوە ھەیە، ھیچ لایەن و دامەزراوەیێک ناتوانێت ریفراندۆم ھەڵبوەشێنێتەوە بۆیە ئەو وەفدەی دەچێتە بەغدا، نابێت ھیچ مەرجێک قبووڵ بکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم و نابێت ھیچ لایەنێکی نێودەوڵەتیش ئەو داوایە لە ھەرێمی کوردستان بکات"کاوە مەحموود وای وت.
سەرچاوە: خەندان
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment