بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی تێڕوانینی تورکیا و رای گشتیی نێودەوڵەتی لە سەر پرسی کورد و کاریگەریی لە سەر وڵاتانی دراوسێ، رای گەیاند: بەپێی ئەو ئەنجامانەی بۆ ئێمە روون بوونەتەوە، لە رای گشتی نێودەوڵەتی و تەنانەت لە رای گشتی ئەورووپی و ئەمریکیشدا، خەڵکی خاوەن بڕیار هاوسۆزی ئێمە نین، ئەگەر هاوسۆزیشمان بن، هاوبڕیارمان نین.
موسەننا ئەمین دەڵێ: ئەوان مەترسییێکی جددیان لە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵێک دەوڵەت هەیە ئەگەر بێت و دەوڵەتی عێراق هەڵبووەشێتەوە، یەکێک لەو رێککەوتە خراپانەش پرسی جیابوونەوەی کەتەلۆنیا بوو لە ئیسپانیا، ئەو پرسەش ئەوەندی دیکە رای یەکێتیی ئەورووپای وەکوو وڵاتە سیاسییەکان تووشی ئەوە کرد کە دوو هەڵوێستیان نەبێت، ئەگەر پاڵپشتی کوردستان بکەن دەبێت پاڵپشتی کەتەلۆنیاش بکەن، لە لایێکی دیکەوە رووسیاش لە هەڵوەشانەوە دەترسێت.
سەبارەت بە خوێندنەوەی بۆ پرسی کورد دوای گشتپرسی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێویستی دەزانێت: "کورد جارێکی دیکە حیساباتی خۆی رێکبخاتەوە، تێگەیشتنی بۆ ئەو واقیعە سیاسییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییە قووڵتر بکات و نێوخۆی خۆی یەکبخاتەوە و یەک راو یەک دیدگای هەبێت.
موسەننا ئەمین بە پێویستیشی دەزانێت، کورد لە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی دراوسێی تێبگات وەکوو چۆن خۆی بەدوای بەرژەوەندیییەکانی خۆیدا دەگەڕێت، لە چوارچێوەیێکی واقیعدا هەوڵ بدات لە مافەکانی نزیک بێتەوە، ئامادەسازیی پێویست بکات بۆ ئەوەی رای گشتی و جیهانی و ئیسلامی و ناوچەکە و هەرێمایەتی تێبگەن لەو هەڵوێستانە، دۆستایەتی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بە کەم و بێ کاریگەر وەر نەگرێت، چوونکە ئەو دەوڵەتانە دەتوانن زیانی جددی بە کوردستان بگەیێنن، لە هەمان کاتیشدا دەتوانن خزمەتی گەورەی پێبکەن.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment