بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رائید کەمال عەبدوڵا، بەرێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو دەڵێت: ماوەیێکە جموجووڵی ژمارەیێک چەکدار لە شاخ و ھەرد و دوڵەکانی نێوان دووز خورماتوو – کفری دەستی پێکردووە و ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونە.
بەپێی زانیارییەکانیان کە سەبارەت بەو گرووپە چەکدارە دەستیان کەوتووە، ئەو چەکدارانە سەر بە رێکخرای داعشن و ژمارەیان نزیکەی ١٠٠چەکدارە.
رائید کەمال وتیشی: ئەوکاتەی ھێزە کوردستانییەکان لە دوزخورماتوو بوون، زانیارییان لە سەر ئەو چەکدارانە ھەبوو لە شاخی غەررە و ھەردوو دوڵەکانی نێوان دوزخورماتوو، کە ئەوکات دوو مەفرەزە و کەمتر لە ٢٠ چەکدار دەبوون.
بەوتەی، بەرێوەبەری ئاسایشی دوزخورماتوو، ئێستا ژمارەیان بۆ شەش مەفرەزە زیادی کردووە و بە بڕوای ئەو، کشانەوەی ھێزە کوردستانییەکان لە دوزخورماتوو ھۆکارێک بووە بۆ زیادبوونی ئەو چەکدارانە و بە ئاسانی جموجۆڵ کردن لە ناوچەکە.
رائید کەمال، ئەوەشی راگەیاند، چەکدارەکان چەکی مام ناوەندییان پێیە و لەگەڵ ژمارەیێک ئۆتۆمبیل و ھاوڵاتییانی گوندە عەرەبەکانی ئەو سنوورە ھاوکارییان دەکەن و ھەندێکجار لە شاخەکان دێنە خوارەوە و لە رێگەی گوندەکانی دەوروبەری قەرەتەپەوە دەپەڕنەوە بۆ سنووری حەمرین کە لە مێژەوە ئەو ھێڵە، ھێڵی ھاتووچۆی تیرۆریستان و گرووپە چەکدارەکان بووە لە سنووری دوزخورماتوو بۆ سنووری حەمرین.
بەرێوەبەری ئاسایشی دوزخورماتوو باسیشی لەوە کرد، ئەو گرووپە چەکدارە، ژمارەیێک چەکداری کوردیشیان لە گەڵدایە کە پێشتر لە ناو داعش بوون و ھەروەھا ژمارەیێک چەکداری دیکەی عەرەبیشیان تێدایە کە پێشتر ناویان لای ھێزە ئەمنییەکان بووە و بە ھەمان شێوە ئەوانیش داعش بوون.
رائید کەمال دەڵێت: ھەربۆیە ئەو گروپە سەر بە رێکخرای داعشن و رەنگە لە ئێستا بیانەوێت خۆیان لەو سنوورە رێک بخەنەوە. ھەروەھا ھەندێ دەنگۆش ھەیە کە ئەو چەکدارانە لە لایێکی دیکەوە ھاوکاری بکرێن بەڵام ئەمانە تەنھا دەنگۆن و زانیارییە فەرمیەکان ئەوە دەسەلمێنن کە سەر بە داعشن.
سەرچاوە: خەندان
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment