بۆکانییه‌کان پێشوازی له‌ شانۆی "له‌ پشت درگا" ده‌که‌ن

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- شانۆی "له‌ پشت درگا" له‌ شاری بۆکان نمایش کرا و خه‌ڵکی دانیشتووی ئه‌و شاره‌ش پێشوازییێکی به‌رچاویان له‌ نمایشه‌که‌ کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شانۆی "له‌ پشت درگا" به‌رهه‌می نوێی گرووپی شانۆی کانی بۆکانه‌ که‌ شه‌وی چوارشه‌ممه‌، پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینی (1، 2 و 3ی سه‌رماوه‌ز) له‌ هۆڵی سیمورغی ئه‌و شاره‌ نمایش کرا.

ناوه‌ڕۆکی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌سه‌ر ته‌وه‌ری دژه‌ شه‌ڕ پێکهاتووه‌ و ژیانی شێره‌پیاوانێک ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی گیانیان به‌ده‌ر بردووه‌ به‌ڵام به‌هۆی هه‌لومه‌رجی تاڵ و ئازاراوی پاش شه‌ڕ ژیانیان ئه‌وه‌نده‌ تاڵه‌ که‌ مردنیان لا باشتر بوو.

"له‌ پشت درگا" له‌ لایه‌ن نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانیایی وولفگانگ بۆرشێرت نووسراوه‌ و ڕه‌حیم عه‌بدولڕه‌حیم زاده‌ ئه‌رکی ده‌رهێنانی ئه‌نجام داوه‌. له‌و شانۆیه‌دا سه‌عد قه‌هره‌مانی، شۆڕش ته‌باک، ئێران ئه‌حمه‌دپوور، سه‌عاده‌ت به‌دوی، سه‌نه‌م قاره‌مانی، هێمن عوسمانی، سمکۆ زوهرابی، ڕه‌حمان عه‌زیزی و که‌ژاڵ موباره‌کی وه‌کوو ئه‌کته‌ر و مه‌سعوود عه‌نایه‌تی، سامان سه‌لیمی، بێهزاد غه‌فووری، ڕێبین سوفی سوڵتانی، نیما قاره‌مانی و ئاسۆ مام­زاده‌ وه‌کوو جێبه‌جێکارانی شانۆکه‌ چالاکییان نواندووه‌.

له‌ په‌راوێزی پێشکه‌ش­کردنی شانۆکه‌دا پیشانگایێکی وێنه‌ له‌ 19 ساڵ چالاکیی گرووپی شانۆی "کانی" له‌ هۆڵی چاوه‌ڕانیی کۆمه‌ڵه‌ی سیمورغ پیشان درا.

وێنه‌کان له‌ لایه‌ن به‌هرووز ئه‌سراری، محه‌مه‌د خزریانی، ماردین فه‌ره‌جی و ژووبین عه‌بدییانه‌وه‌ تۆمار کراوه‌ و داهاتی فرۆشی بلیتی ئه‌و شانۆیه‌ بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌ی کرماشان ته‌رخان کراوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8774

Your Comment

You are replying to: .
captcha