بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە كۆتایی مانگی سێپتێمبێر، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بودجەی ساڵی 2018ی وڵاتەكەی پەسەند كرد و لە یەكێک لە بڕگەكانیدا بڕی 365ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاری كردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگە تەرخان كردووە.
لیوا قارەمان كەمال جێگری سەرۆكایەتی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە رای گەیاند: پێشتر ئەمریكا بڕی 415 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تەرخان كرد، كە بۆ شەڕی دژ بەداعش بوو، بەڵام ئێستا دەیەوێت لە ژێر ناوێكی دیكەدا هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بكات.
قارەمان كەمال وتیشی: تەرخان كردنی ئەو 365 ملیۆن دۆلارە بۆ هێزی پێشمەرگە دوو بڕگە لەخۆ دەگرێت، بەشێكی پارەكە بۆ مووچە تەرخان دەكرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی داراییەوە بەدەستمان دەگات، ئەوی دیكەشیان بۆ خۆراک و پێداویستی و سووتەمەنی دەبێت، كە لە ڕێگەی كۆمپانیاوە بە دەستمان دەگات، واتە پارەكە راستەوخۆ نادرێت بەوەزارەتی پێشمەرگە.
لیوا قارەمان كەمال دەڵێت: هیوادارین تەرخان كردنی ئەو 365ملیۆن دۆلارە بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، هەروەک چۆن پارەكەی پێشوو بەشێكی بۆ مووچە و بەشێكیشی بۆ خۆراک و پێداویستی و سووتەمەتی دابین كرا.
سەرچاوە: SNN
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment