دادگای باڵای فیدراڵی عێراق وەڵامی رەخنەكانی حكوومەتی هەرێم دەداتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی وەڵامی رەخنەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دایەوە كە رایگەیاندبوو، دادگاكە بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی كوردستان لەدانیشتنی دادگا سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم بڕیاری داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی 20ی نۆڤێمبەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەدانیشتنێكدا پرۆسەی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانی بە "نادەستووری ناوبرد، هەروەها بڕیاری دا بەهەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەنجام‌ و لێكەوتەكانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ‌و ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كە پڕۆسەكەیان تێدا ئەنجام درابوو.

هەمان ڕۆژ پاش بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەخنەی لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقی گرت ‌و وتی: "بڕیاری دادگای ئیتیحادی ناتوانرێت تەمیز بكرێتەوە و حوكمی تەواوەتی وەردەگرێت، یەكلایەنە بڕیارەكەیان داوە بەبێ ئەوەی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لەو دادگایە ئامادەبێت".

لەبەرانبەردا دادگای باڵای فیدراڵی لەوەڵامی چەند پرسیارێكی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە هۆكاری بڕیاردانی دادگا بەبێ ئامادەنەبوونی نوێنەری هەرێمی كوردستان لەزاری ئەیاس ساموك وتەبێژی فەرمیی دادگاكە بڵاوی كردەوە، كە جەخت لەوە دەكەینەوە، "دادگای باڵا بانگهێشتی لایەنی هەرێمی كوردستانی كردبوو، ئاگاداری كردبووەوە بە ئامادەبوونی لەڕۆژی دیاری‌كراوی دانیشتنی دادگادا".

وتەبێژی دادگای فیدراڵی روونیشی كردەوە، كە سكاڵا لەسەر كراوان (سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان ‌و حكوومەتی هەرێمی كوردستان) ئاگاداركرابوونەوە بەڕۆژی دانیشتنی دادگا لە ٢٠-١١-٢٠١٧ لەسەر تانەدان لەپڕۆسەی ڕیفراندۆم، لەپێشتریشدا لەمانگی سیپتەمبێر بەهەمان شێوە ئاگاداركرابوونەوە، هەروەها سەرپشك‌كرابوون لەوەی خۆیان وەك كەسایەتی ئامادە دەبن، یاخود نوێنەری یاساییی خۆیان لەڕێگای پێدانی بریكارنامەی تایبەت\ یاخود گشتی بنێرن بۆ بەردەم دادگا، بەڵام دادگا هیچ وەڵامێكی لەلایەن سكاڵا لەسەركراوانەوە پێنەگەیشت، ئەمەش لەڕووی یاساییەوە وا دادەنرێت، كە جۆرێكە لەجۆرەكانی دانپێدانان، هەروەك لەسكاڵاكەدا بەو جۆرە هاتووە لەحاڵەتی ئامادەنەبوونی خۆیان، یاخود نوێنەرەكانیان لەڕووی یاساییەوە بەدان پێدانان دادەنرێت.

بەپێی بڕگەی ٤ی ماددەی (٩٣)ی دەستووری هەمیشەییی عێراقی یەكێك لەئەركەكانی دادگای فیدراڵی یەكلایی كردنەوەی ئەو كێشانەیە، كە لەنێوان هەرێمەكان ‌و حكوومەتی ناوەندی، هەرێمەكان‌ و پارێزگاكان، هەروەها شارەوانییەكان ‌و خۆبەڕێوەبەرە خۆجییەكاندا دروست دەبێت.

پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان رۆژی 25ی ئەیلوولی رابردوو بەرێوەچوو، كە ئەمەش كێشەی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست كرد و لایەنی عێراقیش چەند سكاڵایێكی لەدژ تۆماركرد.

لەوەڵامی كاری دادگا لەسەر ئەو كێشانەی ئێستا لەنێوان هەرێمی كوردستان ‌و بەغدادا هەیە، ئەیاس ساموك وتەبێژی فەرمیی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق وتی: "ئەو بڕیارەی دادگای باڵا لە٢٠ی نۆڤەمبێر سەبارەت بە نادەستووری بوونی ڕیفراندۆمی هەرێم دای، هەروەها ئەنجام‌ و لێكەوتەكانی ڕیفراندۆمی لە هەرێمی كوردستان ‌و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمیش هەڵوەشاندەوە چەندین دەرگای واڵا كرد بەڕووی چارەسەركردنی كێشەكان.

News Code 8713

Your Comment

You are replying to: .
captcha