پەکەکە لە شەنگال بوونی نییە/ تورکیا ئەگەر بێتە شەنگال بێ گۆمان پاشەکشێ ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی پڕۆژەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە پەکەکە لە شەنگال بوونی نییە، وتی: تورکیا دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و سنوورەکانی فراوان بکات لەنێو عێراق و لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی بێگومان ئەو پڕۆژەی هەیە. لەبەر ئەوە هەڕەشەی تورکیا تەنها بۆسەر هەرێمی کوردستان نییە بەڵکوو بۆسەر ئێران و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و سعوودیا و سووریا و هەموو وڵاتانی دەوروبەرە.

کوردپرێس: جووڵە سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا لەبارەی عێراق بەتایبەت شاری شەنگال سەربە پارێزگای نەینەوا پێی ناوەتە قۆناخێکی نوێوە. سەردانەکەی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و کوردستانی لەسەر پرسی شەنگال، دەرخەری گرینگ بوون و هەستیار بوونی بابەتەکەیە بۆ ئەنقەرە کە هیوادارە بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان (لەوەی کە هەڕەشەی پەکەکە و لق و پۆکانی لە شەنگال) ناوی لێدەبات کەم کاتەوە. بەڵام وادەرکەوتووە کە ئەم ڕێککەوتنە نەیتوانیوە داڵغە هاوبەشەکان (بەڵام بە بەرژەوەندیی جیاواز)ی بەرپرسانی کوردی عێراقی و ئەنقەرە لەناو بەرێت و هەردوو لایەنەکە جەخت دەکەنەوە پەکەکە ئێستاش لە شەنگال و ناوچەکەیە. ئەم بابەتە پرسێکە کە هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن ئەمە تەنها بیانوویێکە لەدەستی تورکیا بۆ لەشکەرکێشی بۆسەر شەنگال و جێگیر کردنی هێزی سەربازیی هەمیشەیی لەو ناوچە ستراتێژیکەدا.

کوردپرێس لەبارەی سەردانەکەی ئاکار بۆ بەغدا و هەولێر و پرسی شەنگال و پڕۆژەی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە و هەروەها لێدوانەکان لەبارەی بووین پەکەکە لە ناوچەکە گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە.

کوردپرێس: سەبارەت بە سەردانەکەی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خوێندنەوەتان چییە؟

ئارێز عەبدوڵڵا: وەزیری بەرگریی تورکیا هەوڵ دەدات فشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی کە شەڕی پەکەکە بکەن یان ئەوەی کە ڕێگای تورکیا بدەن خۆیان لەناو خاکی کوردستان شەڕیان لەگەڵ بکەن.

کوردپرێس: خولوسی ئاکار پاش گەڕانەوەی بۆ تورکیا ڕایگەیاند کە هاوکاری و هاوئاهەنگیمان هەیە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دژ بە پەکەکە بەتایبەت ناوی شەنگالیشی هێنا ئایا ڕێککەوتنێکی وا کراوە لەنێوانیاندا؟

ئارێز عەبدوڵڵا: من وردەکارییەکان نازانم. بڕوا ناکەم پڕۆژەی تورکیا وەکوو پڕۆژەی عێراق بێت ئەم دوو وڵاتە دوو پڕۆژەی لەیەک جیاوازیان هەیە. ئەوەی ئێمە بزانین پەکەکە لە شەنگال نییە هێرێک هەیە کە ئەو هێزە لە پەکەکە نزیکن و خەڵکی شەنگالن و هیچ پەیوەندییان بە پەکەکە و بە تورکیاوە نییە بەڵام ئەو هێزە لە کاتی داگیر کردنی شەنگالدا بەرگرییان کرد و پەیەدە-یش لە کوردستانی سووریا هاوکارییان کردن. کەوایە ئەو هێزە لە شەنگالن هێزێکی عێراقییە بەڵام دیارە تورکیا کاری ئەوانیشی ناوێت و بڕوا ناکەم عێراق ڕێگا بە تورکیا بدات بێتە شەنگال چوونکە ئەو پلانە لای عێراق قبووڵکراو نییە. لە مووسڵ لە دهۆک و بەعشیقە و هەندێک لە شوێنەکانی پارێزگای هەولێر تورکیا هەیە؛ بەڵام ئەوەی کە عێراق ڕێگای پێبدات شتی وا مومکین نابێت.

کوردپرێس: هاوپەیوەند بەم بابەتەوە ئەردۆغان-یش پاش نوێژی هەینی لە ئەستەمبۆڵ ڕایگەیاند "ڕەنگە شەوێک لەپڕ هاتینە شەنگال" ئایا دەکرێت شتێکی وا ڕووبدات بە ئاوڕدانەوەی کە تورکیا هاوشێوەی ئەم کارەی لە سووریا و تانەنەت لە هەرێمیش کردووە وەکوو لەشکەر کێشی، باسێکی دیکە باسی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە سەرۆکی وڵاتێک بە ئاسانی باسی لەشکەر کێشی بۆ سەر وڵاتێکی دیکە و داگیر کردنی شارێک دەکات؟

ئارێز عەبدوڵڵا: ئەگەر هەلومەرجەکە لەبار بێت لەشکەر کێشی دەکات چوونکە ئەو کارە لە سووریا و لە لیبیا بۆی چووەسەر بە هەمان شێوە لە ئازەربایجان و کوردستانی عێراق بۆی چووەسەر کەواتا ئەگەر هەلومەرجەکە لەبار بێت ئەم کارە دەکات. بەڵام ستراتێژیی و تاکتیکەکانی ئەردۆغان کە ئێستا بەو ستراتێژیە دەیهەوێت ویلایەتی کۆنی مووسڵ واتا کوردستانی عێراق داگیر بکات. کاتێک ئەردغان دەڵێت دێین بۆ شەنگال ئەو وتە تەنها پاساوە ئەگینا مەبەستی ئەو ئەمە نییە و مەبەستی ئەو ئەوەیە کە ویلایەتی مووسڵی کۆن داگیر بکاتەوە. کە واتا مەبەستی ئەردۆغان هەرێمی کوردستانە کە بە یەکجاری داگیری بکات نەک ئەوەی کە شەڕی پەکەکە بکات. پەکەکە و شەنگال تەنها پاساو و بیانووە و ئەگەر تورکیا توانی بێتە شەنگال بێگومان بە ئاسانی کونترۆڵی بەشی زۆری پارێزگای مووسڵ و دهۆک و هەولێر-یش دەکات.

کوردپرێس: خۆتان وەکوو کەسێک کە شارەزای ئەو ناوچانەش هەن دەڵێن کە ئەگەر بتوانێت ئەو کارە دەکات، ئایا ئەم زەمینە لەبارەی بۆ هێرشی زەوینیی؟

ئارێز عەبدوڵڵا: پێمگوتی ئەگەر هەلومەرج لەباربێت دێت چوونکە مەبەستیەتی هەرێمی کوردستان داگیر بکات و بیخاتە سەر تورکیا، ئەو پێی وایە کوردستانی عێراق لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم لە تورکیا دابڕێندراوە و هەمیشە داوای کردووەتەوە. لە ئێستادا ئاسمانی عێراق بەڕووی تورکیادا کراوەیە و بەداخەوە دەوڵەتی عێراقیش و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕێگەی پێدەدەن و لە هێرشی زەمینیشدا ئەگەر هەلومەرجەکە گونجاو بێت وەکوو ئەو هەلومەرجەی لە کاتی داگیر کردنی بەشێک لە سووریا ڕەخسا هێرش دەکات. هەم ڕووسیا چاوپۆشی دەکرد لە عەفرین هەم ئەمریکا چاوپۆشی دەکرد لە سەرێ کانی بۆیە ئەگەر هەلومەرجێکی وا بێتە پێش دێت و بەڵام لە هاتنەکەیدا ئەگەر باسی پەکەکە دەکات پەکەکە تەنها پاساوە و تورکیا دەیهەوێت هەرێمی کوردستان بەیەکجاری بگەڕێنێتەوە سەر تورکیا.

کوردپرێس: هەندێک لایەن لە هەرێمی کوردستان؛ هەندێک لایەن و حزبی دیکە بە تایبەت پارتی دیموکرات تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هاوکاریی تورکیا دەکات؛ هاوپەیوەند بەم بابەتەوە کیفاح مەحموود ڕاوێژکاری مەسعوود بارزانی پێش بینی ئەوەی کردو کە تورکیا لە شەنگال پێگەی سەربازی بکاتەوە ئەم بابەتە نیشاندەری چییە؟ ئایا دەکرێت بڵێین کە زانییارییان هەیە تا وەکوو ئەوەی لە بەعشیقە کرا لە شەنگالیش هەمان کار بکاتەوە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنی کوردی؟

ئارێز عەبدوڵڵا: تورکیا لەگەڵ پارتی هەماهەنگییان هەیە، ئەگەر تورکیا توانی بێتە شەنگال بە دڵنیاییەوە ناکشێتەوە و هەرێمی کوردستان هەمووی دەخاتەوە سەر تورکیا نیەتی وایە و ناکشێتەوە تورکیا کە هاتە شەنگال لەوەێ ناکشێتەوە و بەخاکی خۆی دەزانێت.

کوردپرێس: ئێستا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئەم کارە پێگەی کورد لاواز دەکات بە خودی پارتیشەوە، پارتی چۆن ڕێگا بەم شتە دەدات؟

ئارێز عەبدوڵڵا: وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە خۆیان وەربگرن، پێگەی کورد و پێگەی عێراق هەمووی لاواز دەکات. ئەم هەوڵە پێگەی ئێران و پێگەی سووریاش لاواز دەکات. تورکیا ئەگەر بێتە پێش هەڕەشە نییە تەنها بۆسەر عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان و ئێران و سووریاش هەڕەشەیە. ئەوەی کە ئێستا لە سووریا دەیکا هەڕەشەیێکی گەورەیە.

تورکیا دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و سنوورەکانی فراوان بکات لەنێو عێراق و لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی بێگومان ئەو پڕۆژەی هەیە. لەبەر ئەوە هەڕەشەی تورکیا تەنها بۆسەر هەرێمی کوردستان نییە بۆسەر ئێران و بۆسەر وڵاتانی دیکەی عەرەبییە و بۆ سەر سعوودیا و بۆسەر سووریایە و بۆسەر هەموو وڵاتانی دەوروبەرە.

دیمانە: حەسەن ساڵحی بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 871

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha