٢٢ تشرینی دووەم ٢٠١٧ - ١٢:٥٦
شاسوار عەبدولواحید چاڤیلاند ‌و NRTی فرۆشت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاسوار عەبدولواحید راگەیێندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاشكرای كرد، كە كۆمپانیای نالیا و تەواوی پشكەكانی چاڤیلاندی فرۆشتوە و دەستبەرداری خاوەندارێتیی ئێن ئاڕ تیش بووە.

کوردپرێس، دەقی روون كردنەوەكەی شاسوار عەبدولواحید:

پاش ئەزموونی ١٠ ساڵە لەگەڵ كۆمپانیای نالیا و كاری وەبەرهێنان و جێبەجێ كردنی چەندین پرۆژەی نیشتەجێ بوون و گەشتیاری و دواتریش پرۆژەی میدیایی، بە هەمو لایێكی رادەگەیێنم كە رێكەوتی ٢٠١٧/١١/٢١ تەواوی گرووپی كۆمپانیاكە و پرۆژە بازرگانیەكان و پشكەكانم لە پرۆژەی چاڤیلاند فرۆشت بە دوو كۆمپانیای بیانی و دەستبەرداری بووم، جگە لەوەش دەستبەرداری تەواوی پشكەكانی كۆمپانیای نالیا بۆ كاری میدیایی بووم (كە خاوەنی كەناڵەكانی ئێن ئاڕ تییە) و لەم چەند رۆژەدا ئیدارەی تازە سەرپەرەشتیی كەناڵەكانی NRT دەكەن و چیتر بەندە هیچ پەیوەندییێكم بەو پرۆژە میدیاییە و كەناڵەكانی ئێن ئاڕ تییەوە نەماوە.

سەبارەت بە پڕۆژە بازگانییەكان و كۆمپانیاكانیش، مامەڵەی فرۆشتنی كۆمپانیاكان تەواو بوون و تەواوی پرۆژەكان لە داهاتوودا رادەستی خاوەنی تازەی كۆمپانیاكان دەكرێت .

دڵتەنگم كە ئێستا دەستبەرداری شتیک بووم كە چەندین ساڵە لە هەوڵی دروست كردنیدا بووم بەڵام خەونی نەوەی نوێ پاڵنەرێكی گەورەیە كە وای لێكردووم نەک دەستبەرداری كۆمپانیا و بەرژەوەندییەكانم بم بەڵكوو دەستبەرداری خودی ژیانیشم بم لە پێناویدا چوونكە پێم وایە ئەم قۆناغە تازەیە و ئەو ئامانجە گەورەیەی كە لەگەڵ هاوكارانم كاری بۆ دەكەین و لە خەیاڵماندایە زۆر زۆر گەورە ترە لە پڕۆژەكانی پێشوو و دەستكەوتەكانی ١٠ ساڵی رابردووم.

گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا لەم ساتەدا و پێش ئەنجام دانی مامەڵەی فرۆشتنەكە بڕی چل و حەوت ملیۆن و شەش سەد و هەشتاو چوار هەزار و هەشت سەد دۆلار قەرزی لای خاوەن یەكە و هاوڵاتیان و كەس و كۆمپانیا هەیە و بایی بڕی حەفتا و نۆ ملیۆن و دوو سەد و چل هەزار دۆلار یەكەی نەفرۆشراوی هەیە كە قیمەتی هەردوو بڕە قەرز و یەكەی نەفرۆشراو دەكاتە سەد و بیست و شەش ملیۆن دۆلار و نۆ سەد و بیست و چوار هەزار و هەشت سەد دۆلار و لە بەرامبەریشدا كۆمپانیاكان بڕی دوو ملیۆن و نۆسەد و یانزە هەزار و چوار سەد دۆلار قەرزارە لەم ساتەدا ، جگە لەوەی كە بەهای كۆمپانیا و پرۆژەكانی كە كاری خەمڵاندنی بۆ كراوە لە لایەن كۆمپانیا بیانیەكە (كە پێشتریش لە رێی مامەڵەی بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەوە خەمڵاندنی بەهای بۆ كرابوو ) بەهای كۆمپانیاكان و پرۆژەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا بە هەموو جۆرە پرۆژەكانی ناو كوردستان و دەرەوەی كوردستان بە بری شەش سەد و هەشتا و یەک ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە ، و لەمەودوا ئیدارەی تازەی كۆمپانیاكان خۆیان پرۆژەكان بەرێوە دەبەن و شێوازی كاركرد دیاری دەكەن و تەواوی بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ بەرامبەر هەموو ئەو كەسانەی كە مامەڵەی كڕین یان فرۆشتن یان بەڵێندەرایەتییان هەبووە لەگەڵ گرووپی كۆمپانیاكانی نالیادا .

هیوام خۆشی و سەركەوتنی ئیدارەی تازە و تەواوی كارمەندان و بەرپرسانی گرووپی كۆمپانیاكانی نالیایە، رێز و خۆشەویستیم هەیە بۆ هەموو ئەوانەی كە رۆژێک كاریان لەگەڵدا كردووین، چ ئەوانەی كە ئێستا لەگەڵماندا ماون و چ ئەوانەیشی لە بەر هەر هۆكارێک بێت لەگەڵماندا نەماون، رێزی بێ پایانم هەیە بۆ هەموو ئەو كەسانەی لە رابردوودا هاوكارمان بوون و دۆستمان بوون و پشتیوانمان بوون لە پرۆژەكان و كاریان لەگەڵدا كردووین، هەروەها هیوای سەركەوتن بۆ پرۆژە میدیاییەكەی نالیا دەخوازم و هیوادارم بەردەوام وەک میدیایێكی جیاواز لە هەرێمی كوردستان و عێراق بمێننەوە و هەر وەک چۆن لە رابردوودا توانیویانە میدیایێكی جیاواز بن و خزمەتێكی باشیان كردووە بە میدیای ئازاد و بواری رۆژنامەوانی و كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8704

Your Comment

You are replying to: .
captcha