نامه‌ی سه‌رله‌شکه‌ر سوله‌یمانی بۆ ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی

به‌شی ئێران- فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس له‌ په‌یامێکدا که‌ بۆ ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی نووسیوه‌ کۆتاییی شه‌جه‌ره‌ی خه‌بیسه‌ی داعشی ڕاگه‌یاندووه‌ و هۆی سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌و خه‌باته‌شی به‌ستووه‌ به‌ ڕێنماییی حه‌کیمانه‌ی ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی و خۆڕاگریی گه‌ل، حکوومه‌ت، سوپا و هێزی خۆبه‌خشی عێراق و سووریا و شه‌هیدانی پارێزه‌ری حه‌ره‌م.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ژێنڕاڵ قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران له‌ نامه‌یێکدا بۆ ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی کۆتاییی چیرۆکی داعشی ڕاگه‌یاند و تیشکی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌و فیتنه‌ مه‌ترسیداره‌ی پێش 6 ساڵ که‌وته‌ گیان ئیسلامی پاراوی محه‌مه‌دییه‌وه‌.

ژێنڕاڵ سوله‌یمانی له‌ نامه‌که‌یدا نووسیویه‌تی: ئه‌و ڕه‌وته‌ پیسه‌ به‌ ناوی حکوومه‌تی ئیسلامیی عێراق و شامه‌وه‌ له‌ هه‌مان سه‌ره‌تاوه‌ توانیی ده‌یان هه‌زار گه‌نجی موسڵمانی دوو وڵاتی عێراق و سووریا له‌ ڕێ ده‌ربکات و چاره‌نووسی ئه‌و وڵاته‌ تووشی قه‌یرانێکی هه‌ره‌گه‌وره‌ بکات و ده‌ست به‌ سه‌ر سه‌دان کیلۆمه‌تری چوار گۆشه‌ له‌ خاکی ئه‌و دوو وڵاته‌ بگرێت.

سوله‌یمانی زیادی کردووه‌: سه‌رله‌به‌ری ئه‌م تاوانانه‌ له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌ و ڕێکخراوی هاوپێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا داڕێژراوه‌ و جێبه‌جێ کراوه‌. هه‌رواش که‌ ده‌بینین له‌ به‌رزترین به‌رپرسی فه‌رمیی ئه‌مریکا که‌ ئێستا سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته‌یه‌ ددان به‌و تاوانانه‌دا ده‌نێت.

فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس تیشکی خستووه‌ته‌ سه‌ر خۆڕاگریی حکوومه‌تی عێراق و سووریا و بوێری و دان به‌ خۆدانانی سه‌ربازان و گه‌نجانی ئه‌و دوو وڵاته‌ و به‌ تایبه‌ت حه‌شدی شه‌عبی و دیکه‌ی گه‌نجه‌ موسڵمانه‌کان که‌ به‌ میحوه‌رییه‌تی حیزبوڵڵا و به‌ سه‌رکردایه‌تیی جه‌نابی سه‌یید حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ده‌ورێکی کاریگه‌ریان بینی بۆ فه‌شه‌ل هێنانی تیرۆریستانی داعش.

سوله‌یمانی هه‌روه‌هاش ده‌وری به‌ بایه‌خی گه‌لی ئێران و حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی وه‌بیر هێنایه‌وه‌ و خۆیشی وه‌کوو سه‌ربازێکی ڕاسپێردراو له‌لایه‌ن ئایه‌توڵڵا خامنه‌یییه‌وه‌ ناساند و ڕای‌گه‌یاند: پاش ئازاد کرانی ئه‌بوو که‌مال دوایین قه‌ڵای داعش ڕووخا و ئاڵای ئه‌و گرووپه‌ ئه‌مریکی- زایۆنییه‌ هێنرایه‌ خواره‌وه‌ و ئاڵای سووریا هه‌ڵکرا و به‌م شێوازه‌ش کۆتاییی ده‌سه‌ڵاتی شه‌جه‌ره‌ی خه‌بیسه‌ی مه‌لعوونه‌ی داعش ڕاگه‌یێندرا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8678

Your Comment

You are replying to: .
captcha