ویستی ئه‌مریکا بۆ مانه‌وه‌ له‌ سووریا دۆخه‌که‌ دژوارتر ده‌کاته‌وه‌

به‌شی تورکیا- ئیبراهیم کالین ده‌ڵێت: وێده‌چێت ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت پاش کۆتایی هاتنی داعشیش له‌ سووریا بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام درێژه‌ی هه‌بوونی ئه‌مریکا دۆخی ناوچه‌که‌ دژوارتر ده‌کاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئیبراهیم کالین وته‌بێژی سه‌رۆک کۆماری تورکیا وتی: وا دێته‌ به‌رچاو ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی ئاماده‌بوونی ڕووسیا و ئێران له‌ سووریا زیاتر له‌و ماوه‌یه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌کرا له‌و وڵاته‌ بمێنێته‌وه‌ به‌ڵام ئاماده‌بوونی ئه‌و وڵاته‌ دۆخه‌که‌ دژوارتر ده‌کاته‌وه‌.

کالین به‌ که‌ناڵی فڕانس 24ی ڕاگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر ئامانجی ئه‌وان ئه‌وه‌ بێت، دۆخی مه‌یدانی زیاتر له‌ ڕابردوو دژوارتر ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێ ئامانجی سه‌ره‌کیی ئه‌وان پاراستنی یه‌کپارچه‌ییی سووریا بێت."

ناوبراو هیوای خواست دانووستانه‌کانی ئه‌ستانه‌ و ژێنێڤ یارمه‌تیی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سووریا و پاراستنی یه‌کپارچه‌ییی سووریا بدات.

کالین وتیشی: "بڕیار نییه‌ دانووستانی ئه‌ستانه جێگه‌ی دانووستانی ژێنێڤ بگرێته‌وه‌. ئه‌و دوو دانووستانه‌ به‌ دوو ڕێبازی جیاوازدا ده‌چنه‌ پێش. یه‌کێکیان له‌ژێر چاودێریی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌وی دیکه‌ له‌ژێر چاودێریی تورکیا، ڕووسیا و ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌چێت."

وته‌بێژی سه‌رۆک کۆماری تورکیا جارێکی دیکه‌ به‌ بۆنه‌ی پاڵپشتیییه‌کانی ئه‌مریکا له‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا ڕه‌خنه‌ی له‌و وڵاته‌ گرت و ڕاشی‌گه‌یاند: به‌و پشتیوانییه‌ هه‌ر هێزێکی دیکه‌ جگه‌ له‌ YPG ده‌یتوانی به‌ هه‌مان ڕاده‌ کاریگه‌ر بێت.

سه‌رچاوه‌: ده‌یلی سه‌باح

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8676

Your Comment

You are replying to: .
captcha