کوردپرێس:
بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانی ئاوی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی کرد له وه‌فدێکی ڕێکخراوی ئافراندنی کشتوکاڵی پۆڵه‌ندا كه نوێنه‌رایه‌تیی ژماره‌یێک کۆمپانیای گه‌وره‌ى کێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ری ده‌کات و له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووک نووسیی: "ده‌مانه‌وێ وڵاته‌که‌مان پڕ بێت له پڕۆژه‌ی هه‌مه‌جۆر و خه‌ڵکی وڵاتی خۆمان وه‌ک ده‌ستی کاری ناوخۆیی له‌و پڕۆژانه‌دا کار بکه‌ن و سوودمه‌ند بن و له‌و پێناوه‌شدا ئه‌وپه‌ڕی هاوکاری و کارئاسانیی ده‌که‌ین و هه‌رگیز په‌سه‌ندی ئێمه نییه پشت به وڵاتانی ده‌ره‌وه ببه‌ستین بۆ دابین کردنی پێویستییه‌كانمان".
ناوبراو وتیشی: "خۆشحاڵ نیین وڵاته‌كه‌مان ببێته بازاڕی ساغکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می وڵاتانی بیانی و سه‌رمایه‌ی ئێمه بچێته ده‌ره‌وه، پشتیوان به یه‌زدان و کۆششی خه‌ڵکانی نیشتمانپه‌روه‌ر نه‌خشه و بناغه‌یێی باشمان داڕشتووه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌می ناوخۆ تاکوو گه‌یشتن به ئاستی خۆبژێوی".
وه‌زیرى کشتوکاڵی حكوومه‌تی هه‌رێم زیادی کرد: "وه‌فده‌که‌ی پۆڵه‌ندا داوایان کرد هاوکارییان بکه‌ین له کردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێکی بازرگانی له هه‌رێمی کوردستان بۆ ساغکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می گۆشتی کێڵگه په‌له‌وه‌رییه‌کانیان و ئێمه‌ش پێیانمان ڕاگه‌یاند که ئێمه خوازیار نین کوردستان ببێته بازاڕی ساغکردنه‌وه‌ی کاڵای وڵاتان و داوامان کرد بێن له کوردستان پڕۆژه‌ی په‌له‌وه‌ریی بکه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت پڕۆژه‌ی به‌خێوکردنی قه‌ل (عه‌له‌شیش) بکه‌نه‌وه چونكه له کورستان‌دا به‌رهه‌می گۆشتی ئه‌و جۆره په‌له‌وه‌ره‌مان که‌مه و له ئاستی دابین کردنی پێویستی ناوخۆدا نییه.
سه‌رچاوه: خه‌ندان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment