عادل عه‌بدولمه‌هدی: له‌ ئێستادا پلانێکم بۆ سه‌ردان‌کردنی ئێران نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕاپۆرته‌کان له‌باره‌ی سه‌ردانی‌کردنی به‌مزووانه‌ی بۆ ئێران ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: له‌ ئێستادا پلانێکم بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ نییه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 29ی ئه‌یلوولی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: ده‌نگوباسی ئه‌مدواییه‌ له‌باره‌ی سه‌ردان‌کردنم بۆ ئێران دوورن له‌ ڕاستییه‌وه‌ و هیچ پلانێکم بۆ سه‌ردان‌کردنی ئێران نییه‌.

ناوبراو زیادی کرد: له‌ ئێستادا عێراق ده‌ورێکی کارا له‌ که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌کانی ناوچه‌که‌ ده‌گێڕێت و لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کانیش له‌ ئێرانه‌وه‌ بگره‌ تاکوو سعوودیه‌ و ئه‌مریکا هه‌نگاو به‌ره‌و جێگیربوونی ئاشتی و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان هه‌ڵده‌گرن.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌رۆکی په‌یامه‌که‌ی بۆ لایه‌نه‌کانی ناوچه‌که‌ جه‌ختی کرده‌وه‌: کۆتایی‌هاتنی قه‌یرانی یه‌مه‌ن ڕێچاری بنه‌ماییه‌ بۆ قه‌یرانه‌کانی ناوچه‌که‌ و ئه‌مه‌ش په‌یامی منه‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناوچه‌که‌.

ناوبراو زیادی کرد: ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ په‌یوه‌ندییێکی باشی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ دژبه‌ره‌کانی یه‌مه‌ن هه‌یه‌ چ ده‌وڵه‌تی ژێر سه‌رکردایه‌تیی عه‌بدره‌به‌ مه‌نسوور هادی سه‌رۆک کۆماری هه‌ڵاتووی یه‌مه‌ن و چ بزووتنه‌وه‌ی ئه‌نساروڵڵای سه‌ر به‌ شیعه‌ حوسییه‌کان.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هاوپه‌یوه‌ند به‌ سه‌فه‌ری ئه‌مدواییه‌ی بۆ سعوودیه‌ و دیداری له‌گه‌ڵ مه‌لیک سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پاشا و شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان زیادی کرد: دووره‌په‌رێزی له‌ دایالۆگی ئیدانه‌کردن ده‌که‌ین چوونکه‌ ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی بچینه‌ ناو پڕۆسه‌ی لایه‌نگری له‌ لایه‌نه‌کان و جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌وه‌. سعوودیه‌ ده‌ستخۆشی له‌ عێراق کرد و ئێمه‌ش ئه‌وانمان دڵنیا کرده‌وه‌ که‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یێک له‌لایه‌ن وڵاتی ئێمه‌وه‌ دراوسێکانمان ناکاته‌ ئامانج.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86673

Your Comment

You are replying to: .
captcha