مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ: تورکیا له‌ پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام ناڕازییه‌

به‌شی تورکیا- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا باسی له‌ مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارامی باکووری سووریا کرد و گوتی: ئێمه‌ له‌ جێبه‌جێ‌کردنی خاڵه‌کانی دروست‌کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا ڕازی نیین و نیگه‌رانیی خۆشمان گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌مریکییه‌کان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا که‌ به ‌مه‌به‌ستی به‌شداری‌کردن له‌ 74ھه‌مین کۆبوونه‌وه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ نیویۆرکه‌ له‌باره‌ی چه‌ند پرسێکه‌وه‌ دوا و وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا ڕای‌گه‌یاند: "ئامانجی بنه‌ڕه‌تی ئێمه‌ لێره‌دا بریتییه‌ له‌ ده‌رچوون و پاککردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ تیرۆریستان. ئه‌مریکا له‌مباریه‌وه‌ به‌ڵێنێکی ھه‌یه‌ پێویسته‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ بکات. له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی تیرۆریستان ناوچه‌ی ئارام دروست ده‌کرێت و ئه‌و یه‌که‌ ئه‌منی و به‌رپرسه‌ خۆجێییانه‌ی که‌ له‌ ناوچه‌که‌دا ئه‌رک ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، ھێزه‌ خۆجێییه‌کان و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ کار ده‌که‌ین به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ PKK/YPG/PYD کار ناکه‌ین."

ناوبراو زیادی کرد: "له‌ دوای دروست کردنی ناوچه‌ی ئارام پێویسته‌ ھاوکارێی ئه‌و که‌سانه‌ش بکه‌ین که‌ ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌که‌. بنه‌مای سه‌ره‌کی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئارام بێت. به‌ هه‌بوونی PKK/YPG ‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئارام نابێت و پێویسته‌ به‌ ته‌واوی ناوچه‌که‌ پاک بکرێته‌وه‌. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین و بۆ ئه‌مه‌ش ھه‌موو که‌سێک به‌رپرسیاریه‌تی له‌سه‌ره‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ڕاشی‌گه‌یاند که‌ پلانی ئه‌وه‌یان ھه‌یه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای خواستی خه‌ڵکه‌که‌ بێت و له‌ ئێستاشدا له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا پێکه‌وه‌ ئه‌م قۆناغه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

له‌باره‌ی لێدوانه‌کانی جه‌یمس جێفری نوێنه‌ری ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ڕای‌گه‌یاندبوو "له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارام گفتوگۆیێکی قووڵیی دیاریکراومان له‌گه‌ڵ تورکیا ئه‌نجام نه‌داوه‌" چاووشئۆغڵو زیادی کرد: "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ لێره‌دا به‌ تایبه‌تی له‌باره‌ی قووڵاییی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا بۆچوونی جیاواز له‌ ئه‌مریکا له‌ئارادایه‌. ئه‌وه‌ی تره‌مپ گوتی 20 میل بوو. له‌و دانوستانه‌ی که‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا کردوومانه‌، پێکھێنانی ناوچه‌یێکی ئارامه‌ به‌ قووڵاییی 20 میل ئه‌مه‌ش ده‌گاته‌ 30 کیلۆمه‌تر بۆیه‌ ڕاست نییه‌ که‌ ده‌ڵێت له‌باره‌ی قووڵایی گفتوگۆمان نه‌کردووه‌ واتا به‌ باشی گوێیان بۆ ئه‌و شتانه‌ نه‌گرتووه‌ که‌ ئێمه‌ گوتوومانه‌. ته‌نھا ئه‌جێندای خۆیان له‌ ڕۆژه‌ڤ ده‌ھێڵنه‌وه‌. له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارام ھه‌ر له ‌سه‌ره‌تادا ئێمه‌ ئه‌وه‌مان گوتووه‌ و ڕێنماییی سه‌رکۆمارمان ئه‌وه‌ بووه‌ واتا 30 کیلۆمه‌تر."

سه‌رچاوه‌: ته‌له‌فزیۆنی NTV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86634

Your Comment

You are replying to: .
captcha