کوردپرێس: رێواز فایەق، ئاماژەی بەوەدا، پەرلەمانی کوردستان لە 15ی ئەیلوولی 2017 بە ئەرێنی بڕیاری لەبارەی گشتپرسییەوەدا وەک مافی گەلی کوردستان و گەلانی جیهان، پاش ئەوەی بێئومێد بوو لە جێبەجێ کردنی چەندین ماددەی دەستووری عێراق و بنەماکانی سازان و شەراکەتی نیشتمانی لەگەڵ بەغدا.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: دواجار بژاردەی گەلان بە ئێمەشەوە لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بەو ئامرازەی خۆیان هەڵیدەبژێرن مافێکی سرووشتییە و پیادە کردنیشی پێچەوانەی دەستوور و رێساکانی پەیماننامە و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان نییە.
دەقی گوتارەکەی رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان
کوردستانیانی ئازیز
ئەمڕۆ دوو ساڵی تەواو بەسەر ئەنجام دانی پرۆسەی راپرسی بۆ سەربەخۆیی تێدەپەڕێت، پرۆسەیەک کە لە هەلومەرجێکی بابەتی تایبەت و دوای شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش و لە دۆخێکی راگوزەری هەرێم و عێراق ناوچەکەدا ئەنجام درا.
بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم ئاسان نەبوو کە پشتیوانی بەرەیێکی تۆکمە لە ئاستی هەرێمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پیادەکردنی ئەم ئیستحقاقەی گەلەکەمان وەدەست بهێنن.
رەنگە هەڵسەنگاندنیش بۆ هەندێک فاکتەر و ئاماژەی سەرکەوتن و قبووڵ کردنی ئەنجامەکان و کارپێکردنیان لە ئاستی خواستی ئێمەدا نەبووبێت، بۆیە لە قۆناخێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەندێک لە دۆستەکانی میللەتەکەمان لە کاتی یەکلاکەرەوەدا پشتیان لێکردین و لەبەردەم لێشاوی کاردانەوە ناوخۆیی ئیقلیمییەکان بە تەنیا بەجێیان هێشتین.
نوێنەرانی ئازیزی گەلی کوردستان.. ئەوکات و ئێستاش بۆچوونمان وایە کە مافی چارەی خوۆنووسین مافێکی سروشتی ئەزەلی هەر گەلێکەو بە جۆرێک وابەستەی ئیستحقاقی گەلان کراوە، کە لە پرەنسیپێکی نێودەوڵەتییەوە بۆ مافێکی بنەڕەتی گۆڕاوەو هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە سیاسی و مەدەنییەکان و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان وەک مافێک لە مافەکانی گەلان بۆ گوزارشت لەخۆکردن ناساندوویانە و راپرسیش یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکان بۆ ئەو گوزارشت لەخۆکردنەی گەلان.
هاوکات ئەو درووشمە بنەڕەتیەشە کە هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستان چەندین دەیەیە لە پێناویدا تێدەکۆشن و بە هەزارن گەنجی خوێنگەرمی کوردستانی لە پێناو گەیشتنی گەلی ئێمە بە ئامانجەکانی سەبارەت بە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی بۆ سەربەخۆیی بە سەخاوەتەوە گیانیان بەخشی، بۆیە پەرلەمانی کوردستان کە چەتری کۆکەرەوەی گشت جیاوازییەکانە لە 15-9-2017 بەر مەبنای باوەڕی تەواوی بەو مافەی گەلەکەمان و گەلان، دوای بێئومێد بوونی لە جێبەجێ کردنی دەیان ماددەی دەستووری عێراقی فیدراڵ و بنەماکانی هاوسەنگی و شەراکەت و سازانی نیشتمانی و وەکو تەواوکاری بۆ بڕیاری مێژوویی بە فیدراڵی کردنی هەرێمی کوردستان بە راسپاردەیەکی ئەرێنی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە راپرسی راگەیاند، بەڵام بە گشتی و پێشتر و پاش ئەنجام دانی راپرسیش جەخت کردنەوە لەسەر دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بژاردەیێکی پەسندکراوی گەلەکەمان و پەرلەمانی کوردستانیش بووە و دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم بەغدایان بە قووڵایی زانیوە و دەزانن.
ئێستاش وێڕای رووداوە نەخوازراوەکان گەلی کوردستان چارەسەری سەرجەم گرفتەکانییەتی بەر مەبنای دەستووری عێراقی فیدراڵ، کە هەموو دەنگمان پێداوە، بۆ ئەوەی چیتر پێشێلکاری دەستووری بەرامبەر ماف و شایستە سیاسی و داراییەکانی هەرێمەکەمان نەکرێت، بۆ ئەمەش ئێستا لە هەر کات زیاتر گەلەکەمان و هەرێمەکەمان پێویستی بە تەبایی و گیانی پێکەوە کارکردنە بۆ خزمەت کردنی هاووڵاتیان و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتەکان، بە تایبەت لە هەلومەرجە ئاڵۆزەی ناوچەکەی پێدا دەگوزەرێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم هەرچەند لێکەوتەکانی راپرسی لە رووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و گەمارۆدانی کوردستان کەم نەبوون و تا ئێستاش کاردانەوەکان لە شێوازی هەوڵی خاڵی کردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم لەو دەسەڵاتانەی کە دەستووری گەل پەسەند و یاسا بەرکارەکان پێی بەخشیون بەردەوامن، بەڵام دواجار بژاردەی گەلان بە ئێمەشەوە لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بەو ئامرازەی خۆیان هەڵیدەبژێرن مافێکی سروشتییە و پیادەکردنیشی پێچەوانەی دەستوور و رێساکانی پەیماننامە و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان نییە.
خوای گەورە هەرێمەکەمان پارێزراوو گەلەکەمان ئاسوودە بکات، دامەزراوەکانیشمان راوەستاو بکات بۆ خزمەتی میللەتەکەمان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment