مه‌سعوود بارزانی لە ساڵڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستاندا پەیامێکی بڵاو کرده‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێکی به‌بۆنه‌ی دووهه‌م ساڵڕۆژی ڕیفراندۆمه‌وه‌ بڵاو کرده‌وه‌ و ئه‌مڕۆی به‌ ڕۆژێكی تایبه‌ت وه‌سف کرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 25ی ئه‌یلوولی 2019 مه‌سعوود بارزانی له‌ توویته‌ری خۆی له‌باره‌ی دووه‌م ساڵڕۆژی گشتپرسیی هه‌رێمی کوردستان نووسیی: "له‌م ڕۆژه‌ پیرۆزه‌دا، سڵاو و ڕێز و پێزانینم هه‌یه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان نه‌چه‌ماند و ناچه‌مێنن، ده‌ست و چاوی هه‌موویان ماچ ده‌كه‌م".

ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی 2017 ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام درا و تێیدا نزیكه‌ی 93%ی به‌شداربووان به‌ به‌ڵێ ده‌نگی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان دا و ڕێژه‌كه‌ی دیكه‌ش ڕه‌تیان كرده‌وه‌.

ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی کوردستان سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌که‌ و جیهان به‌ڕێوه‌ چوو و به‌و کاره‌ ته‌نگه‌ژه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا زیاتر بوویه‌وه‌.

شرۆڤه‌کارانی سیاسی ڕووداوه‌کانی 16ی ئه‌کته‌وبری 2017 و گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسی و سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌‌کانی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور ناسراو به‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان به‌ پاشهاتێکی به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆم وه‌سف ده‌که‌ن.

هه‌روه‌ها بێده‌نگی و پشتیوانی‌کردنی هه‌رێمی و ده‌ولی له‌ به‌غدا له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ولێر له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌کانی عێراق بۆ که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌و قۆناغه‌دا دیار بوو.

ئه‌م بابه‌ته‌ شۆکێکی گه‌وره‌ بوو بۆ سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕیفراندۆم که‌ خه‌ونه‌که‌ی خۆیان واتا جیابوونه‌وه‌ و پێکهێنانی وڵاتی کوردستانیان له‌ کیس چووبوو؛ ئه‌وان پێیان وابوو که‌ گۆڕانکارییه‌کانی سووریا و عێراق کۆتایی‌هاتنی سایکس پیکۆ و نه‌خشاندنه‌وه‌ی دووباره‌ی سنووره‌ سیاسی و نیشتیمانییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌.

داپه‌ڕه‌ ته‌مێ‌کارانه‌کانی به‌غدا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان بریتی بوون له‌؛ ڕێگرتن له‌ گه‌شتی ئاسمانیی بیانی له‌ فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، داخستنی زۆربه‌ی ده‌روازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێیه‌وه‌ له‌سه‌ر داواکاریی به‌غدا و له‌ده‌ستدانی 60 له‌سه‌دی سه‌رچاوه‌ نه‌وتییه‌کانی ژێر ده‌ستی هه‌رێم و زاڵبوونی دووباره‌ی به‌غدا له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌کانی نه‌وت و دابه‌زینی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی 2018ی عێراق سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی ئابووریی قورس له‌و هه‌رێمه‌ و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ی وڵاتانی جیهان له‌ داواکاریی به‌رپرسانی کورد بۆ نێوبژیڤانی و ده‌ست‌پێکردنی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86575

Your Comment

You are replying to: .
captcha