شرۆڤه‌کاری کاروباری تورکیا داهاتووی ئه‌و وڵاته‌ پاش قڵیشی ناو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار شی ده‌کاته‌وه‌

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- جه‌یم کری ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی دیکه‌ی ئاکپارتی بین و له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا ده‌ڵێت: ئه‌مریکا هێشتا هه‌ندێک ناوچه‌ی خاکی سووریای له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه‌.

کوردپرێس:

پاش سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی سووریا کورد، تورکیا، سووریا و ئه‌مریکا په‌یوه‌ندییێکی نزیکیان به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌. به‌م شێوازه‌ که‌؛ ئه‌مریکا پاڵپشتیی سه‌ربازی له‌ کوردی سووریا ده‌کات و تورکیا کورده‌کانی پاڵپشتکراوی ئه‌مریکا به‌ تیرۆریست ده‌زانێت. عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆکی زیندانی‌کراوی په‌که‌که‌ ئامۆژگاری کوردی سووریا ده‌دات که‌ بۆ چاره‌کردنی ناکۆکییه‌کانیان له‌گه‌ڵ تورکیا ڕێچاری ئاشتییانه‌ بگرنه‌ به‌ر که‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ هه‌لقۆستنه‌وه‌ی سیاسی له‌و بابه‌ته‌ ده‌کرێت و پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌ی تورکیاش به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سه‌ربازیی کوردی سووریا بۆ ڕاکێشانی ده‌نگی ناسیۆنالیسته‌ تورکه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردن به‌کار ده‌هێنێت. هاوکات ده‌ست‌پێکردنی پڕۆسه‌ی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌کان له‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا که‌ به‌رچاوترینیان جیابوونه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی تورکیا له‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار بوو دۆخه‌که‌ی شڵه‌ژاندووه‌ و کارتێکه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان داناوه‌. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس به‌ بۆنه‌ی گرنگایه‌تیی ئه‌م بابه‌ته‌ و په‌یوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه‌ دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ جه‌یم کری شرۆڤه‌کاری کاروباری تورکیا ئه‌نجام داوه‌.

جه‌یم کری پێی وایه‌ که‌ ده‌ست‌پێکردنی پڕۆسه‌ی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ له‌ پارتی داد و گه‌شه‌ ده‌ستپێکی گۆڕانکارییێکی سیاسی له‌ تورکیایه‌ که‌ مومکینه‌ گۆڕینی ساحه‌ی سیاسیی تورکیای لێبکه‌وێته‌وه‌ و هه‌ندێک حیزبی دیکه‌ جێگه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌ له‌ حکوومه‌تدا بگرنه‌وه‌.

شرۆڤه‌کاره‌که‌ی کاروباری تورکیا له‌باره‌ی دۆخی کورد له‌ باکووری سووریا و دروست‌کردنی ناوچه‌ی ئارام به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: کورده‌کان به‌ره‌وڕووی دۆخێکی گوماناوی بوونه‌ته‌وه‌ و به‌بۆنه‌ی پێگه‌ی لاوازی خۆیان ناچارن یان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا دانوستان بکه‌ن یان له‌ ئه‌نجامدا به‌ره‌وڕووی ده‌وڵه‌تی سووریا و وڵاتی سووریا ببنه‌وه‌ که‌ هاوپه‌یمانی دیمه‌شقه‌. ناوبراو پێی وایه‌ که‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا به‌مزووانه‌ له‌ سووریا ناکشێنه‌وه‌.

ده‌قی دیمانه‌ی کوردپرێس له‌گه‌ڵ جه‌یم کری توێژه‌ری کاروباری تورکیا له‌ خواره‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌؛

کوردپرێس: ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ سه‌رکرده‌یێکی پارتی داد و گه‌شه‌ به‌ سه‌رکردایه‌تیی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا وازی له‌ حیزبه‌که‌ی هێنا، ئایا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی دیکه‌ی ئاکپارتی بین؟ ئایا ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یێکی جیدی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان و حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار نییه‌؟

جه‌یم کری: من دڵنیام که‌ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ ده‌ستپێکی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌کان‌ له‌م حیزبه‌یه‌ و ده‌بێ چاوه‌ڕوانی وازهێنانی دیکه‌ی ئه‌ندامانی پارتی داد و گه‌شه‌ له‌و حیزبه‌ بین. له‌ ئێستادا ناتوانم بڵێم که‌ که‌سگه‌لێکی گرینگ وه‌ک داوودئۆغڵۆ له‌و حیزبه‌ ده‌کشێنه‌وه‌ به‌ڵام له‌ کاتی دامه‌زراندنی حیزبی نوێ له‌لایه‌ن داوودئۆغڵۆ که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت مانگی نۆڤێمبێر ئه‌نجام بدرێت که‌سانێکی گرنگی دیکه‌ له‌ حیزبه‌که‌ی ئه‌ردۆغان ده‌کشێنه‌وه‌.

پێده‌چێت ده‌نگده‌ران و لایه‌نگرانی پارتی داد و گه‌شه‌ پشت له‌و حیزبه‌ بکه‌ن. هه‌ندێک ڕاپرسیی نوێ ده‌ریده‌خات که‌ ئه‌ردۆغان به‌ شێوه‌یێکی بێ‌وێنه‌ لایه‌نگران و ده‌نگده‌رانی حیزبه‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دات. من پێم وایه‌ که‌ له‌ داهاتوویێکی نزیکدا پارتی تازه‌دامه‌زراوی داوودئۆغڵۆ پێگه‌یێکی باشتری نیسبه‌ت به‌ ئیی پارت -که‌ له‌ حیزبی مه‌هه‌په‌ جیا بوویه‌وه‌- ده‌بێت له‌باره‌ی ڕاکێشانی ده‌نگی ناڕازییانی پارتی داد و گه‌شه‌. حیزبی نوێ به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌کرێت.

کوردپرێس: خه‌ڵک چاوه‌ڕوان بوون به‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ ڕێگه‌ به‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆکی زیندانی‌کراوی په‌که‌که درا که‌ له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانی دیدار بکات و نامه‌ بۆ لایه‌نگرانی بنێرێت دۆخه‌که‌ هێور ببێته‌وه‌ و پڕۆسه‌ی ئاشتیی نێوان تورکیا و کورد ده‌ست پێبکاته‌وه‌. به‌ڵام به‌م شێوازه‌ نه‌بوو. ئایا هێشتا هیوایێک هه‌یه‌؟‌

جه‌یم کری: من پێم وایه‌ که‌ ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی که‌ ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی کورده‌کانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوودا گرتوویه‌ته‌ به‌ر زیاتر ڕه‌هه‌ندی سیاسی له‌ پشته‌وه‌ بوو. دوایین هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌ری که‌ له‌ تورکیا به‌ڕێوه‌ چوو و تێیدا AKP و MHP هاوپه‌یمانییان به‌ست، له‌ ئه‌نجامدا ناکۆکییه‌کانی نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌ی لێکه‌وته‌وه‌ به‌ شێوه‌یێک که‌ مێراڵ ئاکشنه‌ر بووه‌ یه‌کێک له‌ پاڵێوراوانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا. دواتر حیزبی AKP له‌گه‌ڵ MHP له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان هاوپه‌یمانییان به‌ست به‌ڵام ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ئه‌نجامێکی ئه‌رێنی له‌ هه‌ندێک شار وه‌ک ئه‌نقه‌ره‌ و ئه‌سته‌نبۆڵ به‌دواوه‌ نه‌بوو. پێده‌چێت که‌ ئه‌ردۆغان وا بیری کردبوو که‌ ئه‌گه‌ر نه‌رمی له‌گه‌ڵ کورد بنوێنێت ده‌نگی کورد ڕاده‌کێشێت و ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی ده‌نگی له‌ده‌ستچووی ناسیۆنالیسته‌کان. دیداری ئۆجه‌لان و پارێزه‌رانی به‌شێک له‌ که‌مپێکی ڕاگه‌یاندن بوو به‌ڵام له‌ ئێستادا که‌ ئه‌ردۆغان له‌ خولی دووهه‌میشدا شاره‌وانیی ئه‌سته‌نبۆڵی له‌ده‌ست دا به‌ هه‌مان سیاسه‌تی پێشووی دژه‌کوردیی خۆی ڕووی هێناوه‌ و شاره‌وانانی شاره‌ کوردنشینه‌کانی باشووری وڵاتی له‌ کاره‌کانیان دوور خستۆته‌وه‌ که‌ له‌ ڕێگای ده‌نگی خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرابوون.

کوردپرێس: حیزبی جه‌هه‌په‌ دواهه‌ڵبژاردنی تورکیای له‌ شاری ئه‌سته‌نبۆڵ و ژماره‌یێک له‌ شاره‌ گرینگه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ برده‌وه‌ به‌ڵام هاوکاریی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی ڕاده‌ست‌کردنی شاره‌وانیی ئه‌سته‌نبۆڵ به‌ ئه‌کره‌م ئیمامئۆغڵۆ نوێنه‌ری جه‌هه‌په‌ ڕۆڵێکی به‌رچاوی بوو. ئایا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ داهاتوودا جێگه‌ی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و گه‌شه‌ بگرێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵات له‌ تورکیا بگرێته‌ده‌ست؟

جه‌یم کری: به‌ڵێ من پێم وایه‌ که‌ پارتی کۆماریخوازی گه‌ل شانسێکی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌ ته‌نها له‌ هه‌لومه‌رجێکدا ڕوو ده‌دات که‌ پارتی داد و گه‌شه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا ساخته‌کاری نه‌کات به‌ڵام ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌یه‌. تاکوو ئێستا ده‌مکوت‌کردن و ده‌ستگیرییه‌ به‌ربڵاوه‌کان له‌ تورکیا درێژه‌ی هه‌یه‌، هێشتا پارتی داد و گه‌شه‌ کۆنتڕۆڵی سه‌رجه‌م میدیا نیشتیمانییه‌کان و ته‌نانه‌ت میدیا تایبه‌ته‌کانیشی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی گۆڕانکاریی یاسا له‌ ساڵی 2017 که‌ زه‌مینه‌ی بۆ ساخته‌کاری فه‌راهه‌م کرد هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ره‌وڕووی چالێنجه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌یانویست جێگه‌ی پارتی داد و گه‌شه‌ بگرنه‌وه‌. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ئه‌م هیوایه‌ له‌ئارادایه‌ ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ حیزبێکی نوێی خۆی دروست بکات. ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ و دیکه‌ی ئه‌ندامانی ناڕازیی پارتی داد و گه‌شه‌ حیزبێکی نوێ دابمه‌زرێنن من پێم وایه‌ که‌ ئه‌وان -هه‌روا که‌ ئه‌ردۆغان سه‌رقاڵی کارتێکه‌ریی گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا و ناسه‌قامگیربوونی دۆخی ئابووریی وڵاته‌- ناتوانن به‌ ڕاده‌ی پیویست ده‌نگی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار، ناسیۆنالیسته‌ میانڕه‌و و ئیسلامخوازه‌کان ڕابکێشن. ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پێیان وابێت که‌ ناتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا سه‌ر بکه‌ون هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن وێنه‌ی دیموکراسییێکی ڕه‌وا له‌ تورکیا پیشان بده‌ن. به‌داخه‌وه‌ هه‌رچی که‌ ده‌چینه‌ پێشه‌وه‌ په‌سه‌ندکردنی هه‌ڵبژاردن بۆ خه‌ڵک دژوارتر ده‌بێت و ئه‌م مه‌سه‌له‌ ئه‌ردۆغان له‌ به‌رانبه‌ر خه‌ڵک بێ‌هیواتر و تووڕه‌تر ده‌کات.

کوردپرێس: له‌مدواییه‌دا ئه‌مریکا و تورکیا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا ڕێککه‌وتن به‌ڵام ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌کانی واشنتن له‌مباره‌وه‌ ده‌رنابڕێت و ژماره‌یێک له‌ شرۆڤه‌کاران پێیان وایه‌ که‌ ئه‌مریکا له‌وباره‌وه‌ ده‌ستی ده‌ستییان پێده‌کات. خوێندنه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ دۆخه‌که‌ چییه‌؟

جه‌یم کری: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مریکا له‌سه‌ر ڕاده‌ست‌کردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا به‌ تورکیا دڕدۆنگه‌. به‌ڵام ئه‌و دوو وڵاته‌ پێویستیان به‌ یه‌کتر هه‌یه‌ به‌بۆنه‌ی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌کان له‌سه‌ر کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی. هێزه‌ کوردییه‌کان له‌سه‌ر داوای واشنتن له‌ ناوچه‌ی ئارامی ئاماژه‌پێکراو کشانه‌وه‌. له‌لایێکه‌وه‌ ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت ژماره‌یێکی زۆر هێزی سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی باکووری سووریا بکات له‌پێناو دامه‌زراندنی ناوچه‌ی پارێزراوی نێوان تورکیا و کورده‌کان که‌ ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت واشنتن متمانه‌ی به‌ تورکیا نییه‌. من پێم وایه‌ که‌ تورکیا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی وه‌ک تاران و مۆسکۆ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سووریا و پێویستی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا کۆده‌نگه‌ به‌ڵام به‌ بۆچوونی من ئه‌مریکا متمانه‌یێکی زۆری به‌ تورکیا نییه‌ که‌ بیهه‌وێت ئه‌رکه‌کانی له‌ باکووری سووریا به‌و وڵاته‌ بسپێرێت.

کوردپرێس: ده‌وڵه‌تی سووریا ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ بست به‌ بستی خاکی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌ کۆنتڕۆڵی کورد ده‌رده‌هێنێت. ئایا ئه‌مریکا ده‌توانێت ڕێگری له‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌وڵه‌تی سووریا بکات؟

جه‌یم کری: هه‌روا که‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیاری پێشووشدا ئاماژه‌م پێکرد من پێم وانییه‌ که‌ ئه‌مریکا بیهه‌وێت ته‌نانه‌ت به‌شێکی خاکی سووریاش به‌جێبهێڵێت. تورکیا ئه‌وه‌نده‌ نزیک له‌ ئه‌مریکا نییه‌ که‌ بیهه‌وێت به‌رپرسیارێتی و مه‌به‌سته‌کانی ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا پێوشوێنگری بکات. به‌م بۆنه‌وه‌ من پێم وانییه‌ که‌ ئه‌مریکا بیهه‌وێت ئه‌رکه‌ سه‌ربازییه‌کانی له‌ سووریا بخاته‌ ئه‌ستۆی تورکیا. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت که‌ ئه‌مریکا هێشتا به‌شێک له‌ سووریای له‌ ژێر کۆنتڕۆڵدایه‌. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ڕازێکه‌ که‌ چۆن ئه‌م مه‌سه‌له‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت. به‌ڵام له‌ کاتی کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا هه‌م هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا ناسراو به‌ یه‌په‌گه‌ و هه‌م تورکه‌کان به‌ره‌وڕووی سوپای سووریا ده‌بنه‌وه‌. له‌ ئه‌نجامدا ته‌نها دوو ڕێگا ده‌مێنێته‌وه‌: یه‌ک ڕێگا ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌مریکا سووریا به‌جێبهێڵێت و هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا دانوستان بکه‌ن و ڕێگای دووهه‌میش ئه‌وه‌یه‌ که‌ شه‌ڕێکی‌تر له‌ سووریا ده‌ست پێبکات که‌ ئه‌مریکا، کورد و تورکه‌کان به‌ره‌وڕووی سووریا و ڕووسیا ده‌بنه‌وه‌.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86544

Your Comment

You are replying to: .
captcha