حەلبووسی جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی، به‌هیچ شێوه‌یێک ڕازی نین زیان به‌ هه‌رێمی كوردستان بگات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كۆ بووه‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی، به‌هیچ شێوه‌یێک ڕازی نین زیان به‌ هه‌رێمی كوردستان بگات.

کوردپرێس: له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق مه‌سروور بارزانی ڕایگه‌یاند: سه‌ركه‌وتنی كوردستان سه‌ركه‌وتنی هه‌موو عێراقه‌ و پێویسته‌ وه‌كوو هه‌رێمێک مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستان بكرێت نه‌ک وه‌كو پارێزگاكان.

سه‌رۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، وه‌كوو هه‌رێمێكی چه‌سپاوی ده‌ستووری بێت، دووپاتیشی له‌ گرنگیی هاوكاریی ئه‌منی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شانه‌كانی داعش، كه‌ تا ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ن له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ی وڵات.

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند: "به‌ هیچ شێوه‌یێک رازی نین زیان به‌ هه‌رێمی كوردستان بگات و لێدوانی نه‌رێنییش گوزارشت له‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمیی ئێمە‌ ناكات".

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای به‌ باش وه‌سف كرد و گوتی: "خوازیارین بگه‌ینه‌ زه‌مینه‌یێكی له‌باری هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌ هیچ شێوه‌یێكیش رازی نین زیان به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بگات، ئه‌وه‌ش بنه‌مایه‌كه‌ و پێیه‌وه‌ پابه‌ندین".

حه‌لبووسی ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێک لێدوانی جیاواز كرد كه‌ له‌ باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دراون و رایگه‌یاند: ئه‌و لێدوانانە گوزارشت له‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمیی به‌غدا ناكه‌ن و دووپاتیشی كرده‌وه‌، هیچ هه‌ڵوێستێکی سیاسی نه‌رێنی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ هه‌ماهه‌نگی باشی نێوان هێزه‌ عێراقییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌، بۆ له‌ناوبردنی پێگه‌كانی داعش كه‌ له‌ هه‌ندێک ناوچه‌دا ماون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86454

Your Comment

You are replying to: .
captcha