بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماوەی ئەو 45 رۆژەی یەکێتی و پارتی بۆ دیاری کردنی پارێزگاری کەرکووک لەسەر رێککەوتبوون کۆتایی هاتووە و تائێستاش پارێزگار دیاری نەکراوە.
لەبارەی دیاری کردنی پارێزگاری کەرکووک و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک بە رادیۆ نەوای راگەیاندووە: دوای ئەوەی هەردوو لیژنەی پارتی و یەکێتی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکرا کۆبوونەوەمان لەگەڵ پێکهاتەکان کرد و هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان وت کە دیاری کردنی پارێزگاری کەرکووک شتێک نییە پەیوەست بێت بەلایەنێک راستە کورد زۆرینەیە، بەڵام کەرکووک لەم دۆخە دەبێت پارێزگارێکی هەبێت کە هەموولایێک لەسەری رێکبکەوین، بۆئەوەش ئێمە سەردانی لایەنەکانمان کرد لە بەغدا و باس لەوەکرا وەڵاممان دەدرێتەوە بەڵام تائێستا وەڵامی ئەوانمان پێ نەگەیشتووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا راشیگەیاند کۆبوونەوەکان لەئێستادا راگیراون و دەبێت هەردوولایەن"پارتی و یەکێتی" بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی کۆبوونەوەکان بدەن.
ئەندامەکەی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک باسی لەوەش کرد، ئایا لە غیابی عەرەب و تورکمانەکان مەبەست جەبهەی تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکان بڕیار دەدرێت بۆ دانانی پارێزگار، چوونکە لەناویان خەڵکێک هەیە پێیان باشە رێککەوتن لەگەڵ کورد بکرێت و بەشێک دژی ئەوەن بۆ هەردوو حاڵەتەکەش دەبێت قیادەی سیاسی بڕیار بدات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکرێت هەروەها دەبێت ئەوە دیاری بکرێت ئالیەتی دانانی پارێزگاری کەرکووک چۆن دەبێت؟ چوونکە دۆخی پارێزگاکەش لە رووی ئەمنییەوە ئاسایی نەکراوەتەوە، بۆ ئەوەش لە ئێستادا چاوەڕوانی ئاماژەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان دەکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment