بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی بەریتانی لەم سەردانەدا لەگەڵ ئەمینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات، نووشین یووسف و فەرهاد حەمۆ، جێگرانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و ئەمول دەدە، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دیداریان کرد.
لە چاوپێکەوتنەکەدا ئەمینە عومەر دەسکەوتە گرینگەکانی ناوچەی ژێر کونترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتی وەبیر هێنایەوە و جەختی لەسەر پێویستیی ناوچەکە بە پشتگیریی سیاسی و سەربازی کردەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەم پرسەش دا کە ئەنجومەنی سووریای دیموکرات پلانی بۆ قەیرانی سووریا داڕشتووە و و زیادی کرد: لەسەر ڕێگای پڕۆسەی دیموکراتیکی سووریا، تورکیا لەمپەڕێکی گەورەیە. ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەنیازە لە ڕێگای گواستنەوەی ئاوارەکانەوە بۆ باکووری سووریا دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت.
لای خۆیەوە نوێنەری پارتی کرێکاری بەریتانیا، مائۆریک گلاسمەن ڕایگەیاند: ئێمە بۆ پشتگیری کردن لە ئێوە سەردانی ئەم شوێنەمان کردووە. ئێمە بە سیاسەتە دوژمنکارانەکانی تورکیا دژ بە کوردەکان دەزانین. پێش ئەمەش سەردانی کۆبانێمان کردووە و پشتگیریی تورکیامان لە گرووپە تیرۆریستییەکان ئاشکرا کردووە. وەکوو پارتی کرێکارانی بەریتانیا پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment