دژه‌تیرۆری سلێمانی 90 ده‌ستگیرکراوی داعشی ڕاده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی که‌رکووک کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بیی که‌رکووک باسی له‌وه‌ کرد که‌ هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر له‌ سلێمانی (سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان) 90 ده‌ستگیركراوی سه‌رده‌می داعش له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بیان ڕه‌وانه‌ی که‌رکووک کرده‌وه‌.

کوردپرێس:

حاته‌م تائی وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ که‌رکووک بۆ‌ (كه‌ركووک ناو)ی گوت: ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 17ی ئه‌یلوولی 2019 هێزێكی دژه‌تیرۆر له‌ سلێمانییه‌وه‌ 90 ده‌ستگیركراویان بردۆته‌ كه‌ركووک و ڕاده‌ستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه‌یان كردۆته‌وه‌.

پێشتر و زیاد له‌ جارێک ئه‌نجومه‌نی سیاسیی عه‌ره‌بى له ‌ڕێی گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌ داوای چاره‌نووسی ده‌ستگیركراوانی كردووه‌ لای هێزه‌ ئه‌منییه‌ كوردییه‌كان و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ ته‌مموزی ئه‌مساڵدا ناوی 1000 بێسه‌روشوێنی ڕاده‌ستی ڕاكان سه‌عید پارێزگاری که‌رکووک كرد كه‌ هه‌ر دوو ئاسایشی یه‌كێتی و پارتیان به‌ بێسه‌روشوێنكردنیان تۆمه‌تبار كرد.

وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی وتی: "دوای ئه‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی ئه‌نجاممان دابوو له‌ دژی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، ده‌زگای دژه‌تیرۆری سلێمانی وه‌کوو ده‌ستپێشخه‌رییێکی چاکه‌ 90 ده‌ستگیركراوی له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ كه‌ركووک".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86418

Your Comment

You are replying to: .
captcha