به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه 16ی ئه‌یلوولی 2019 حهوتهمین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی دهۆک که ڕۆژی 9ی ئهیلوول ده‌ستی پێ‌کردبوو و بۆ ماوه‌ی 8 ڕۆژ به‌رده‌وام بوو کۆتایی به کاره‌کانی هێنا و به‌رهه‌مه پاڵێوراوه‌کان خه‌ڵات کران.
له ڕێوڕه‌سمی کۆتاییدا 14 جۆر خه‌ڵات به سه‌ر به‌رهه‌مه پاڵێوراوه‌کاندا دابه‌ش کران که بریتی بوون له کورته‌فیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتاری و هه‌روه‌ها فیلمی درێژ ئه‌وه‌ش له کاتێکدا 55 فیلم ڕکابه‌رییان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خه‌ڵاتانه کردبوو.
خه‌ڵاته‌کان بریتین له خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر، باشترین خانمه‌ئه‌کته‌ر و باشترین ئه‌کته‌ری پیاو و باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تی و باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری و خه‌ڵاتی کورته‌فیلمی کوردی.
له نێو پاڵێوراوه‌کاندا فیلمی یێڵماز گونای ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی کورد خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تیی مسۆگه‌ر کرد و ئه‌و به‌شه‌ی زۆرترین کاندیدی بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌کان هه‌یه بریتییه له فیلمه کوردییه‌کان.
له نێو خهڵاتکراواندا ده‌رهێنه‌ر و ئه‌کته‌ره ئێرانییه‌کان به زۆری ده‌بینرێن.
ژماره‌یێک له‌و فیلمانه‌ی خه‌ڵات کران بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه؛
- فیلمی "خه‌ڵکۆ" له ده‌رهێنانی سامی مه‌رمه‌ر ده‌رهێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستانی تورکیا
- فیلمی "دایان" له ده‌رهێنانی به‌هرۆز نوورانیپوور خه‌ڵکی کوردستانی ئێران
- فیلمی "The dawn" له ده‌رهێنانی سه‌لیم سه‌ڵه‌واتی ده‌رهێنه‌ری کوردستانی ئێران
- فیلمی "belive" له ده‌رهێنانی خانمه‌ئه‌کته‌ری ئێرانی پهرینا کازمیپوور
- فیلمی "له پشکنین ده‌رچوو" له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند سه‌رمه‌د
- فیلمی "کامیۆن" که فیلمی ده‌ستپێکی فێستیڤاڵه‌که‌ش بوو و له‌سه‌ر داعش و مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر ئێزیدییه‌کان دروست کراوه له ده‌رهێنانی کامبووزیا په‌رته‌وی ده‌رهێنه‌ری کوردی ئێرانی
نموونه‌ی فیلمه دۆکیۆمێنتارییه خه‌ڵاتکراوه‌کان
- فیلمی "ژیله" له ده‌رهێنانی به‌هار ڕۆحانی خانمهدهرهێنهری کوردی ئێرانی
- فیلمی "My brothers" له ده‌رهێنانی عه‌لی بارا ده‌رهێنه‌ری کوردی تورکیا
سێ دادوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی که خه‌ڵکی چیک و فینله‌ندا و ئیتاڵیا بوون هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ فیلمه‌کان کرد و یارمه‌تی هه‌ڵبژاردنی باشترینه‌کانیان له حهوتهمین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی دهۆک دا.
له فێستیڤاڵه‌که‌دا ژماره‌یێک سینه‌ماکار و ده‌رهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندی به‌رجه‌سته‌ی کورد و بیانی به‌شدارییان کردبوو بۆ نموونه له سینه‌مای تورکیا نه‌زمی کیریک ئه‌کته‌ری ناوداری کورد، یووسف شاهین ده‌نگێکی دیاری نێو سینه‌مای میسر و ئیلیا سوله‌یمان فیلمسازی دیاری سینه‌مای عه‌ره‌ب و یێڵماز گونای سینه‌ماکاری به‌رجه‌سته و ناوداری کورد و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و سینه‌ماکاری گه‌نج و ناوداری کوردستانی ئێران.
شایانی باسه؛ به‌رهه‌مه سینه‌ماییه‌كان له 74 وڵاتی جیهانه‌وه به‌شدار بوون و 112 فیلم نمایش كران که له‌و ژماره‌یه 50یان فیلمی كوردی بوو و 55 فیلمیش پێشبڕکێیان بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌کان کرد.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment