حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی دهۆک کۆتاییی به‌ کاره‌کانی هێنا

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- حه‌وته‌م فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی دهۆک به‌ خه‌ڵات‌کردنی باشترین به‌رهه‌م و ئه‌کته‌ره‌کان کۆتاییی به‌ کاره‌کانی خۆی هێنا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 16ی ئه‌یلوولی 2019 حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی دهۆک که‌ ڕۆژی 9ی ئه‌یلوول ده‌ستی پێکردبوو و بۆ ماوه‌ی 8 ڕۆژ به‌رده‌وام بوو کۆتایی به‌ کاره‌کانی هێنا و به‌رهه‌مه‌ پاڵێوراوه‌کان خه‌ڵات کران.

له‌ ڕێوڕه‌سمی کۆتاییدا 14 جۆر خه‌ڵات به‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌ پاڵێوراوه‌کاندا دابه‌ش کران که‌ بریتی بوون له‌ کورته‌فیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتاری و هه‌روه‌ها فیلمی درێژ ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا 55 فیلم ڕکابه‌رییان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خه‌ڵاتانه‌ کردبوو.

خه‌ڵاته‌کان بریتین له‌ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر، باشترین خانمه‌ئه‌کته‌ر و باشترین ئه‌کته‌ری پیاو و باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تی و باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری و خه‌ڵاتی کورته‌فیلمی کوردی.

له‌ نێو پاڵێوراوه‌کاندا فیلمی یێڵماز گونای ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی کورد خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نێوده‌وڵه‌تیی مسۆگه‌ر کرد و ئه‌و به‌شه‌ی زۆرترین کاندیدی بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌کان هه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ فیلمه‌ کوردییه‌کان.

له‌ نێو خه‌ڵات‌کراواندا ده‌رهێنه‌ر و ئه‌کته‌ره‌ ئێرانییه‌کان به‌ زۆری ده‌بینرێن.

ژماره‌یێک له‌و فیلمانه‌ی خه‌ڵات کران بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌؛

- فیلمی "خه‌ڵکۆ" له‌ ده‌رهێنانی سامی مه‌رمه‌ر ده‌رهێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستانی تورکیا

- فیلمی "دایان" له‌ ده‌رهێنانی به‌هرۆز نوورانی‌پوور خه‌ڵکی کوردستانی ئێران

- فیلمی "The dawn" له‌ ده‌رهێنانی سه‌لیم سه‌ڵه‌واتی ده‌رهێنه‌ری کوردستانی ئێران

- فیلمی "belive" له‌ ده‌رهێنانی خانمه‌ئه‌کته‌ری ئێرانی په‌رینا کازمی‌پوور

- فیلمی "له‌ پشکنین ده‌رچوو" له‌ ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند سه‌رمه‌د

- فیلمی "کامیۆن" که‌ فیلمی ده‌ستپێکی فێستیڤاڵه‌که‌ش بوو و له‌سه‌ر داعش و مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر ئێزیدییه‌کان دروست کراوه‌ له‌ ده‌رهێنانی کامبووزیا په‌رته‌وی ده‌رهێنه‌ری کوردی ئێرانی

نموونه‌ی فیلمه‌ دۆکیۆمێنتارییه‌ خه‌ڵاتکراوه‌کان

- فیلمی "ژیله‌" له‌ ده‌رهێنانی به‌هار ڕۆحانی خانمه‌ده‌رهێنه‌ری کوردی ئێرانی

- فیلمی "My brothers" له‌ ده‌رهێنانی عه‌لی بارا ده‌رهێنه‌ری کوردی تورکیا

سێ دادوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی که‌ خه‌ڵکی چیک و فینله‌ندا و ئیتاڵیا بوون هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ فیلمه‌کان کرد و یارمه‌تی هه‌ڵبژاردنی باشترینه‌کانیان له‌ حه‌وته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی دهۆک دا.

له‌ فێستیڤاڵه‌که‌دا ژماره‌یێک سینه‌ماکار و ده‌رهێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندی به‌رجه‌سته‌ی کورد و بیانی به‌شدارییان کردبوو بۆ نموونه‌ له‌ سینه‌مای تورکیا نه‌زمی کیریک ئه‌کته‌ری ناوداری کورد، یووسف شاهین ده‌نگێکی دیاری نێو سینه‌مای میسر و ئیلیا سوله‌یمان فیلمسازی دیاری سینه‌مای عه‌ره‌ب و یێڵماز گونای سینه‌ماکاری به‌رجه‌سته‌ و ناوداری کورد و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێک ئه‌کته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و سینه‌ماکاری گه‌نج و ناوداری کوردستانی ئێران.

شایانی باسه‌؛ به‌رهه‌مه‌ سینه‌ماییه‌كان له‌ 74 وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌شدار بوون و 112 فیلم نمایش كران که‌ له‌و ژماره‌یه‌ 50یان فیلمی كوردی بوو‌ و 55 فیلمیش پێشبڕکێیان بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌کان کرد.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86413

Your Comment

You are replying to: .
captcha