چەمکی کوردی تورکیا؛ سێ گۆشەی

بەشی جیهان- دوکتور سەلیم چویک توێژەی پەیمانگای توێژینەوەی نێودوەڵتی و ئەمنیی ئەڵمانیا لەبارەی هۆکاری چارەسەری کێشەی کوردی تورکیا بە کوردپرێسی وت: تاکە کەس کە دەتوانێت ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکات لووتکەی دەسەڵاتە لە تورکیا و ئێستاش ئەردۆغان و تا ڕادەیێک عەبدوڵا ئۆجەلان دەتوانن لە چارەسەربوونی کێشەی کورددا دەور ببینن.

کوردپرێس:

مەسەلەی کوردەکانی تورکیا بەردەوام یەک لە بابەتە کێشەلەسەرەکانی ئەو وڵاتە بووە. یەک لە ڕەهەندە گرینگەکانی ئەو مەسەلەیە پێناسەکردنی جۆربەجۆری بنەمای کوردەکانی ئەو وڵاتە بووە کە هەر بەو هۆیەوە دنیابینی و بژاردەی جۆربەجۆری سیاسی و سەربازی بۆ ئەو پرسە لە لایەنی دەوڵەتیش و لە لایەنی کوردەکانیشەوە گیراوەتە بەر. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە پڕۆسەی ئاشتیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە بکەین کە ساڵی 2015 کۆتاییی پێهات و یان خود پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان دەوڵەت و پەکەکە کە ئێستاش بەردەوامە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە دیمانەیێکی لەگەڵ دوکتور سەلیم چویک توێژەری پەیمانگای نێودەوڵەتی و ئەمنیی ئەڵمانیا کردووە.

دوکتور چویک لەبارەی ئەو بابەتەوە کە کێ دەتوانێت کێشەی کوردی تورکیا چارەسەر بکات بە کوردپرێسی وت: کەسێک دەتوانێت کێشەی کوردی تورکیا چارەسەر بکات کە لەو وڵاتە لووتکەی دەسەڵاتی لە دەستدایە. هەر بۆیە باس کردن لە توانای کەسانی جگە لە ئەردۆغان تەنها باس کردنی ئەگەر و بۆچوونەکانە. ئەردۆغان لە ڕابردوودا دەیتوانی کێشەی کوردەکان چارەسەر بکات و چەند هەنگاوێکی ڕیشەیی بۆ ئەو مەبەستە هەڵگیرا بەڵام پاشتر لەو بڕیارەی پاشگەز بوویەوە. دوو خاڵ هەن کە وەک هۆکاری شکستهێنانی ئەردۆغان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد ئاماژەیان پێدەکرێت. یەک لەو هۆکارانە هۆکاری ڕووکەشە و دووهەمیان دەوری قووڵتر دەبینێت. هۆکارە ڕووکەشەکە پێوەندیی بە سیاسەتەکانی ئەردۆغان پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان هەیە. لای ئەردۆغان ئەولەویاتی یەکەم ئەوە بوو هەڵبژاردنەکان بباتەوە نەک ئەوەی سیاسەتێکی تایبەت بە یەک پرس پەیڕەو بکات. ئەردۆغان پرسی ئاشتی لەگەڵ کوردی دەست پێکرد بۆ ئەوەی پشتگیریی جووڵانەوەی سیاسیی کوردەکانی تورکیا بۆ مسۆگەرکردنی کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار بە دەست بهێنێت. هەروەها ناوبراو چاوەڕوانی دەکرد بەشێک لە دەنگی جەماوەری کوردی تورکیا مسۆگەر بکات ئەوەش لە ڕێگای دۆستایەتیی نێوان ئاکەپە و بەشێک لە کوردەکانی تورکیا. کاتێک ئەردۆغان بینیی هیچ لەو دوو چاوەڕوانییەی جێبەجێ نەکران لە ناکاو کۆتاییی بە پڕۆسەی ئاشتی هێنا.

ئەو توێژەرەی کاروباری تورکیا لەبارەی هۆکاری سەرەکیی چارەسەر نەبوونی کێشەی کوردەکان دەڵێت: هۆکارە سەرەکی و قووڵەکە ئەوەیە کە لە تورکیا بە شێوازی جۆربەجۆر پێناسەی چەمکی کورد دەکرێت. لای ئەردۆغان و زۆربەی نوخبە دەوڵەتییەکانی تورکیا کە پشتگیریی پڕۆسەی ئاشتییان کرد مەسەلەی کورد کێشەیێکی پەیوەست بە مافی مرۆڤە. بەو شێوەیە کە ئەگەر دەوڵەت کۆتایی بە سەرکوتکردنی کوردەکان بهێنێت و قەدەغەی بەکارهێنانی زمانی کوردی و ئامێرەکانی شۆناسی کوردی هەڵبگرێت ئەوە بە مانای کۆتاییهێاتنی کێشەی کورد دەبێت. هەر بەو پێیەش هەڵگرتنی قەدەغەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە میدیا کوردییەکان بۆ کێشەی کورد بەس نیە. لە بەرامبەردا بە گوێرەی ئەو پێناسەیەی جووڵانەوە سیاسییە کوردییەکان لە دۆزی کورد خستوویانەتە بەردەست، ئەو مەسەلەیە دەگەڕێتەوە بۆ شۆناسی سیاسی و چارەسەرکردنیشی تەنها بەوە دەکرێت کە دان بە کورددا بنرێت ئەوەش وەک پێهاتەیێکی کۆمەڵگای تورکیا. ئەم دەرەچەسە پێویستی بەوە دەبێت کە بە فەرمی دان بە زمانی کوردیدا بنرێت و بە شێوەیێک لە شێوەکان دابەش کردنی دەسەڵات لە ڕێگای پێدانی چەند جومگەیێکی دەسەڵات بۆ قەبارە خۆجێییەکان کوردەکان ڕوو بدات. لەو ڕووەشەوە کە ئەردۆغان جومگەکانی دەسەڵاتی لە دەستدایە تەنانەت ئەگەر دۆست و برادەرە کۆنەکانیشی لەدەست دابێت ئامادە نەبووە کە دەسەڵات دابەش بکات و هیچ بڕوای بە لامەرکەزیەتی دەسەڵات نیە.

دوکتور چویک لەبارەی خواستی ژمارەیێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی تورکیا و لەوان داوود ئۆغڵوو و عەلی باباجان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەڵێت: لەبارەی عەلی باباجان و یان خود ئەحمەد داود ئۆغڵووەوە پێناچێت هیچیان بتوانن لە داهاتوویێکی نزیکدا لە تورکیا ببنە ئەکتەرێکی خاوەن قورسایی لە ساحەی سیاسیدا. بەو حاڵەشەوە عەلی باباجان بەختی زیاترە بۆ ئەوەی کوردەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. هەر ئێستاش پێگەی جەماوەریی لە نێوان کوردەکاندا زیاترە. لە بەرامبەردا هاووڵاتییان سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ئەحمەد داوود ئوغڵویان لە یاددا ماوە ئەو کاتەی سەرۆکوەزیر بوو. بە هەموو ئەمانەشەوە ئەگەر کەس لە تورکیا نیازی بێت سەرنج بخاتە سەر مەسەلەی کورد سەرەتا پێویستە لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە سەیری بابەتەکە بکات.

توێژەرەکەی کاروباری تورکیا لەبارەی توانا و قورساییی عەبدوڵا ئوجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکەشەوە پەیوەست بە چارەکردنی کێشەی کورد بە کوردپرێسی وت: لەبارەی ئۆجەلانەوە دەبێت بڵێین بە بەراورد لەگەڵ دیکەی سەرکردەکانی پەکەکە توانای زیاترە بۆ چارەکردنی کێشەکان. ئەو مەسەلەیە بە سەرنجدان لەوەی کە ناوبراو لە زینداندایە و هیچی نیە کە مەترسیی فەوتانی لەسەر بێت و هەموو کەرەسەتەی پێویستی بەدەستەوەیە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای ئاشتی، شتێکی ئاساییە. بەو حاڵەشەوە ئەگەرچی ئۆجەلان خاوەنی کەسایەتییێکی بەرجەستەیە و ڕێزی تەواوی لە نێو کۆمەڵگەی سیاسیی کورد هەیە بەڵام ناوبراو تەنها سەرۆکێکە و هیچ دەسەڵاتێکی بڕیاردان لەبارەی کارەکانی پەکەکەی بەدەستەوە نیە. هەر بۆیەش دەسەڵاتی ئۆجەلان بۆ چارەکردنی کێشەی کورد سنووردار کراوە. حکوومەت ناوبەناو نیازیەتی لە ڕێگای کەسایەتیی ئۆجەلانەوە پەیامێک بۆ جەماوەری دەنگدەری کوردی لایەنگری پەکەکە بنێرێت بەڵام چیتر ئەو فێڵەش کاریگەر نیە. چووکە سەرۆکایەتیی پەکەکە لە قەندیلەوە خاوەن قورساییە و نەوەک ئۆجەلان. بەڵام تاوتوێ کردنی ڕووداوکانی ئەو دواییە دەیسەلمێنێت کە سەرۆکایەتیی پەکەکە لە قەندیل بۆتە لەمپەر بۆ چارەکردنی ئاشتییانەی کێشەی کوردی تورکیا. لە بەرامبەر هەموو ئەمانەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە دەسەڵاتی سیاسیی ناوبراو لەهەموو جووڵانەوە کوردییەکان زیاترە دەتوانێت لە چارەکردنی کێشەی کوردی تورکیا لە داهاتوودا دەور ببینێت. بە گشتی پێویستە بڵێین هیچ کەسێک بە تەنها توانای چارەکردنی کێشەی کوردی نیە و ئەو بابەتە پێویستی بە لێکگەیشتنی هەموو کەسایەتییە سیاسییە سەرەکییەکان و قەبارەکانی تورکیا هەیە.

توانای جۆبایدەن بۆ چارەکردنی کێشەی کوردی تورکیا

دوکتور سەلیم چویک لەبارەی پشتگیری کردنی جۆبایدەن سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا لە مەسەلەی کوردی تورکیا دەڵێت: چاوەوان ددەکرێت جۆبایدەن وەک سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا پشتگیریی یەکینەکانی پاراستنی گەل- هێزە کوردییەکانی سووریا- بکات. من جاودێری کاروباری سیاسیی ئەمریکا نیم بەڵام ئەوە ئەگەرێکە و ڕنگە ڕوو بدات. بەڵام ئایا پشتگیری کردنی کوردی سووریا بە واتای یارمەتی دانی چارەسەری کێشەی کورد دەبێت؟ ئەمە بابەتێکی تەواو جیاوازە. جۆبایدەن زیاتر تەرکیزی کردۆتە سەر پێشێل بوونی مافی مرۆڤ لە تورکیا و وەک دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دان بەوەدا نانێت کە تورکیا خاکەکەی خۆی لە نێو خاکی سووریا زیاد بکات. وێڕای ئەوەش جۆبایدەن پشتگیریی ئەوە دەکات کە کورد لە دانوستانی ئایندەی سیاسیی سووریا بەشداریی پێبکرێت. هەر بۆیەش ئەگەر هەیە کە جۆبایدەن بتوانێت یارمەتیی چارەسەری کێشەی کوردی سووریا بدات بەڵام ئەوە بەو واتایە نیە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا دەتوانێت کێشەی کوردی تورکیاش و یان خود کوردی وڵاتانی دیکەش چارەسەر بکات.

هێرش کردنی ئەردۆغان دژی پەکەکە و سەرکوتکردنی هەڵسووڕاوە سیاسییە کوردەکانی تورکیا

دوکتور چویک لەبارەی ڕێژەی سەرکەوتنەکانی ئەردۆغان لە هێرشی سەربازیی سەر پەکەکە و سەرکوتکردنی چالاکە کوردەکانی تورکیا بە کوردپرێسی وت: ئەردۆغان هەوڵی ئەوەی داوە کە لە ڕووی سەربازییەوە لە عێراق و سووریا سنوور بۆ پەکەکە دابنێت. تاکە دەستکەوتی ئەردۆغان لە بەرپەرچدانەوەی پەکەکە ئەوە بوو کە شەڕی پەکەکەی کێشایە نێو خاکی عێراق و سووریاوە ئەوەش لە ڕێگای دامەزراندنی ناوچە کۆنتڕۆڵی دیقاکتۆ لەو ناوچانە. هەروەهاش بەرزکرنەوەی ئاستی تەکنیکیی سەربازی لە تورکیا و هەروەها بەکارهێنانی درۆنس سەربازی توانیویەتی هاوسەنگیی سەربازی بە قازانجی تورکیا بگۆڕێت. لەو ڕووەوە دەکرێت لەبارەی دەستکەوتی سەربازیی ئەردۆغان و سەرکەوتنی بە سەر پەکەکەدا باس بکەین. بەڵام سەرکەوتنی بەسەر جووڵانەوەی سیاسیی کورددا بابەتێکی دیکەیە. ڕژێمی ئەردۆغان بە بەراورد لەگەڵ هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی مێژووی تورکیا زیاترین سەرکوتکردنی کوردی کردووە. هەموو شارەوانە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپەی لەکار لادا و زۆرینەشیان دەستبەسەر کراون. هەروەها چەندین کەسیش لە نوێنەرانی ئەو پارتە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی بێ بنەما لە زیندانن. ئەردۆغان بەو ڕێژەیە لە سەرکوتکرن نیازی بوو هەدەپە لە جووڵە بخات بەڵام ئەو سەرکەوتنە باجی زۆری بە سەر ئەردۆغاندا شکاندەوە. ئەو سەرکوتکردنانە دەنگی دەنگدەرە کوردەکانی تورکیای بەرەو حیزبە ئوپۆزسیۆنەکان دەبات. ئێمە دەبینین ئەو بابەتە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی 2019 ڕووی دا کە بە هۆی دەنگی کوردەکانەوە پاڵێوراوانی لایەنی ئوپۆزسیۆن لە ئەنقەرە و ئەستەمبۆڵ و دیکەی گەورەشارەکانی تورکیا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە لاوازبوونی پێگەی جەماوەریی ئەردۆغان کرد و گوتی: پێگەی جەماوەریی پارتی دادوگەشەپێدانی تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت. دەنگی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی 2019 لە ئەستەمبول و ناوچە کوردنشینەکان هەرەسی هێنا. هەر بۆیەش دەکرێت بڵێین سەرکوتە فراوانەکانی ئەردۆغان دژی کورد بۆتە مەترسی و هەڕەشە لە سەر دەنگەکانی حیزبی دادوگەشەپێدان. ئەردۆغان ئەگەرچی ئاگاداری ئەم بابەتەیە بەڵام نیگەانە لەوەی دەنگی نەتەوەپەرستەکان لە دەست بدات بۆیە ناتوانێت هیچ بکات و ئێستا کەوتۆتە دۆخێکی دژوارەوە.

ئایا ئێستاش هیواکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی ماوە؟

دوکتور جۆیک لەبارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی نوێ لەگەڵ کوردی تورکیا بەتایبەت لە لایەن ئەردۆغانەوە گوتی: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سیاسەتوانێکی تەواو پراکتیکییە. ئەگەر ئەردۆغان بگاتە ئەو ئەنجامە کە دەستپێکردنی ئاشتیی نوێ دەتونێت دەنگی پێویستی ئەو دەستەبەر بکات بێ وەستان پڕۆسەیێکی نوێی ئاشتی دەست پێدەکات. هەر وەک پێشتریش باسم کرد ئەردۆغان پێویستی بە دەنگی کورد هەیە و هەر بۆیەش پڕسەیێکی نوێی ئاشتی لە مێشکیدایە. بە هەموو ئەمانەوە لەمپەری زۆر بۆ دەستپێکردنی ئەو پڕۆسەیەش هەن.

توێژەری کاروباری کوردەکان و تورکیا لەبارەی لەمپەرەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد دەڵێت: پێش هەموو شتێک ئەردۆغان لە ڕادە بەدەر خۆی وابەستەی پلانەکانی ڕاستی توندڕەو کردووە. ئەردۆغان تەنها بەهۆی پشتگیرییەکانی لایەنی ڕاستی توندڕەو واتا مەهەپە ئێستا لە لە لووتکەی دەسەڵاتدا ماوەتەوە و بە بێ پشتگیرییەکانی پارتی نەتەوەپەرەست نەیدەتوانی 50 لە سەدی دەنگەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و زۆرینەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە مسۆگەر بکات. هەر بۆیەشە ئاکەپە و مەهەپە بە هاوکاریی چەند حیزبێکی بچووکتر هاوپەیمانیی خەڵکیان بونیات نا. ئەردۆغان بۆ ئەوەی کرانەوەیێکی دیکە لەبارەی مسەلەی کوردەکانی تورکیاوە دروست بکات پێویستە ڕەزامەندیی ئەو هاوپەیمانێتییەش بەدەست بهێنێت ئەگینا هاوپەیمانێتییەکە دەڕووخێت. پێدەچێت بژاردەی دووهەم نامومکین بێت. ئاکەپە و مەهەپە لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەشتوونەتە جۆرێک لە پێکەوەژیان و پێگەی جەماوەریی ئاکەپە بەرەو نەتەوەپەرستیی تورکی کشاوە و لە ئەنجامدا پێکهێنانی حکوومەتی تۆتالیتەر سەرهەڵدەدات. گۆڕینی ئەو دۆخە و گەڕانەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە ڕووسی سیاسییەوە زۆر مەترسیدارە.

دوکتور چویک لەبارەی پێشمەرجی سەرکەوتنی ئەردۆغان لە پرسەی ئاشتیی نوێ لەگەڵ کوردی تورکیا دەڵێت: ئەردۆغان تەنها ئەو کاتە دەگەڕێتەوە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد کە بتوانێت قەناعەت بە هاوپەیمانێتییەکەی بهێنێت و پشتگیری و ڕەزامەندیی ئەوان بەدەست بهێنێت. لەو ڕووەوە کە ئەمەش نامومکینە پێناچێت پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ئایندەیێکی نزیکدا دووپات ببێتەوە. ئەردۆغان لە جیاتی ئەوە لە کورتماوەدا دەست بە دامەزراندنی پارتێکی نوێی کوردی دەکات. ئەو حیزبانە لایەنگری سیاسەتی نەتەوەخوازیی توندڕەوی دەوڵەتی دەبن و لە ئەنجامدا لە هاوپەیمانیی خەڵدا دەمێننەوە. هەر بۆیەش ئەردۆغان بۆ هێشتنەوەی تورکە نەتەوەخوازەکان و کوردە نەتەوەخوازەکان لە ژێر فەرمانی هاوپەیمانێتیی خەڵک هەموو هەوڵی خۆی دەدات. ئەو حیزبانە دەتوانێت بۆ ئەو کوردانە بێت کە بێ هیوا بوون و دەنگیان بە ئاکەپە داوە. لانی کەم ئەو بابەتە وەک یارییێک لە لایەن ئەردۆغانەوە دەبێت.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: سروور خدری

News Code 864

Your Comment

You are replying to: .
captcha