کوردپرێس:
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 15ی ئه‌یلوولی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ک فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق بڕیاری داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری فه‌رمانده‌ییی گشتیی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراقی دا و له بڕیاره‌كه‌یدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شی وه‌ک هه‌ر ده‌زگایێكی دیكه‌ی ئه‌منیی عێراقی هه‌ژمار كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا نوێنه‌ری ئه‌م وه‌زاره‌ته له فه‌رمانده‌ییه‌كه‌دا هه‌بێت.
هه‌ر له‌وباره‌وه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ڕاگه‌یێندراوێکی بڵاو کرده‌وه و جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه گوتی: "دوای ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی میدیاكانه‌وه زانرا كه ( عادل عه‌بدولمه‌هدی) سه‌رۆكوه‌زیرانی حكوومه‌تی عیراقی فیدراڵ فه‌رمانێكی دیوانی له‌باره‌ی میكانیزم و ئه‌ركی تازه‌ی فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنی هێزه هاوبه‌شه‌كان ده‌ركردووه و تێدا ئاماژه به نوێنه‌رایه‌تی به‌شداریی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ناو ئه‌و فه‌رمانده‌ییه كراوه."
ناوبراو ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: "به ڕای گشتیی و سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندنی ناوخۆ و ده‌ره‌وه ڕاده‌گه‌ینین که له كاتی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له 23ی مانگی 6 له‌لایه‌ن وه‌فدی هه‌رێمه‌وه داوای نوێنه‌رایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه له‌و فه‌رمانده‌ییه كرا و ئێمه وه‌ک وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه تا ئێستا ئه‌و فه‌رمانه‌مان به شێوه‌یێكی فه‌رمی پێنه‌گه‌یشتووه".
هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمدا هاتووه: "هه‌ر كاتێک له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه بگات، ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌كرێت و له ئه‌نجومه‌نی به‌رگریی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه گفتوگۆ له‌سه‌ر میكانیزم و ده‌سه‌ڵاته‌كان و شێوازی كاری ئه‌و فه‌رمانده‌یه و نوێنه‌رایه‌تی پێشمه‌رگه ده‌كرێت و دوای په‌سندكردنی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه ڕه‌زامه‌ندیی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی پێویسته تا نوێنه‌ری فه‌رمیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی بۆ دیاری بكرێت."
هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:
http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=78484
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment