کوردپرێس:
شەوی دووشەمە 15ی ئەیلوولی 2019 عادل عەبدول مەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنیی پێوە کرا و باسیان لە دوایین پێشهاتەکان و هێرش بۆ سەر سعوودیە کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا باسیان لە دیداری چاوەڕوانکراوی بەرپرسانی هەردوو وڵات کردووە، هەروەها باسیان لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر سعوودیە کردووە و هەردوولا هەڵوێسی خۆیان لەبارەی ئەو قەیرانە دەربڕیوە، هاوڕاشبوون لەسەر گۆڕینەوەی زانیارییەکانیان.
عادل عەبدولمەهدی بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەکەی، جەختی کردووەتەوە لەوەی "ئەرکی عێراق پاراستنی ئەمن و ئاسایشیەتی و دوورکەوتنەوەیە لە هەر هەڵچوونێک و رێگری­کردن لە بەکارهێنانی خاکەکەی لەدژی وڵاتانی دراوسێ، یان دەستەخوشک یان هاوڕێی. عێراق هەوڵ دەدات رۆڵێکی ئەرێنی ببینێت لە نەهێشتنی قەیرانەکان و ململمانێکانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی تارماییی جەنگ لە عێراق و ناوچەکە".
بەپێی راگەیەندراوەکە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە لەوەی ئەو زانیارییانەی لەلایانە، بەیاننامەی حکوومەتی عێراق پشتڕاست دەکەنەوە: خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی سعوودیە بەکار نەهاتووە.
بە ئامانج­کردنی دوو دامەزراوەی کۆمپانیای نەوتی سعوودیە (ئارامکۆ) قەیرانێکی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە، نرخی نەوت نزیکەی 10 دۆلار بەرز بووەوە و ئەمریکا دەڵێت، دەزانین کێ ئەو هێرشەی ئەنجام داوە و چاوەڕێی سعوودیەین، ئێران و عێراقیش رەتیان کردووەتەوە دەستیان لە هێرشەکاندا هەبووبێت و حوسییەکانی یەمەن دەڵێن ئێمە بووین.
Your Comment