ڕووسیا ده‌یهه‌وێت نفووزی خۆی له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان زیاتر بکات

به‌شی جیهان- گۆڤاری جیۆپۆله‌تیکال فیووچرز له‌ شرۆڤه‌یێکدا نووسیی: مۆسکۆ هه‌وڵ ده‌دات له‌ ڕێگای سه‌رمایه‌دانان له‌ عێراق نفووزی خۆی له‌و وڵاته‌ و ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی کوردستان زیاتر بکات و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش به‌شێک له‌ پڕۆژه‌ی ڕووسیایه‌ بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕووسیا له‌ ساڵی 2017 و له‌ ڕێگای واژۆکردنی گرێبه‌ستگه‌لێکی زه‌به‌لاحی نه‌وتی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن دوو کۆمپانیای نه‌وتیی ڕۆسنه‌فت و گازپرۆمه‌وه‌ به‌شێکی گرنگی‌ پیشه‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌. له‌ ئێستادا به‌پێی گرێبه‌سته‌کانی ساڵی 2017 و 2018ی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ڕووسیا کۆنتڕۆڵی هێڵی بۆریی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ تورکیا له‌ ده‌ستی کۆمپانیای ڕۆسنه‌فتی ڕووسیادایه‌ که‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ی دۆستی نزیکی ڤیلادیمیر پووتن سه‌رۆک کۆماری ڕووسیایه‌.

گۆڤاری جیۆپۆله‌تیکال فیووچرز له‌ وتارێکدا له‌ژێر ناوی "ده‌وری ڕووسیا له‌ داهاتووی عێراق" باسی له‌ هه‌وڵه‌کانی مۆسکۆ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی نفووزی خۆی له‌ عێراق کردووه‌. گۆڤاره‌که‌ له‌باره‌ی ڕێگاکانی نفووزی زیاتری ڕووسیا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌ هه‌ندێک بابه‌ت کردووه‌ له‌وان ئاوڕدانه‌وه‌ی مۆسکۆ به‌ سه‌رمایه‌دانان له‌ که‌رتی نه‌وت و غاز، نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ شه‌ڕلێدراوه‌کان، هاندانی به‌غدا بۆ کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-300 و هاوکارییه‌کانی دوو وڵات له‌ بواری ناڤۆکیی ئاشتییانه‌.

ئالیسۆن فێدریکا توێژه‌ری گۆڤاری جیۆپۆله‌تیکال فیووچرز له‌ وتاره‌که‌یدا باسی له‌ سه‌ردانی به‌مزووانه‌ی سێرگه‌ی لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا بۆ به‌غدا و هه‌ولێر و ڕه‌زامه‌ندیی به‌غدا له‌گه‌ڵ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کانی ڕووسیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ و ئه‌و بابه‌تانه به‌‌ ڕێخۆشکه‌ر ده‌زانێت بۆ پێشڕه‌وتی خێرای هاوکارییه‌کانی نێوان مۆسکۆ و به‌غدا.

نووسه‌ری وتاره‌که‌ پێی وایه‌ که‌ له‌ ئێستادا ڕووسیا له‌ ڕێگای کۆنتڕۆڵ‌کردنی سه‌رچاوه‌ گرنگه‌کانی نه‌وت و غازی هه‌رێمی کوردستان نفووزی خۆی له‌و ناوچه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌ی باکووری عێراق زیاد کردووه‌. مۆسکۆ ده‌یهه‌وێت نفووز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق زیاتر بکات. ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات پاش ساڵگارێک شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گرووپی تیرۆریستیی داعش -که‌ کاول‌بوونی ژماره‌یێک شاری عێراق و په‌ککه‌وتنی ژێرخانه‌ ئابوورییه‌کانی لێکه‌وته‌وه‌- به‌شداری له‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی عێراق بکات.

گۆڤاری جیۆپۆله‌تیکال فیووچرز تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ که‌ ڕووسیا هه‌رگیز ناتوانێت به‌ ته‌واوه‌تی بازاڕی نه‌وت و گازی جیهان کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م وڵاته‌ به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ که‌ هه‌رچی زیاتر نفووزی خۆی له‌ وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت زیاتر بکاته‌وه‌ به‌ هه‌مان ڕاده‌ش ده‌توانێت له‌ دانوستانه‌کاندا له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت چه‌نه‌ لێبدات. له‌م ڕووه‌وه‌ ڕووسیا به‌ خێرایی و تامه‌زرۆیییێکی زۆره‌وه‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ جێبه‌جێ‌کردنی پڕۆژه‌ی نه‌وت و غازی عێراق و هه‌رێمی کوردستان خستۆته‌ گه‌ڕ.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ پێشتر به‌غدا په‌ڕاوی لێکۆڵینه‌وه‌ی دژی هه‌رێمی کوردستان و چه‌ندین کۆمپانیای بیانیی لایه‌نی به‌رانبه‌ری هه‌ولێر کرده‌وه‌ به‌ بۆنه‌ی نایاسایی وه‌سف کردنی چالاکیی کۆمپانیا نه‌وتییه‌ بیانییه‌کان له‌و ناوچه‌یه‌ به‌ڵام له‌مدواییه‌دا ده‌وڵه‌تی عێراق ڕای‌گه‌یاند که‌ ناکۆکییه‌کانی عێراق له‌سه‌ر چالاکیی کۆمپانیا نه‌وتییه‌ زه‌به‌لاحه‌کانی ڕووسیا وه‌ک ڕۆسنه‌فت له‌ هه‌رێمی کوردستان چاره‌سه‌ر کراوه‌ که‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌ ده‌توانێت هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزی به‌غدا بێت بۆ سه‌رمایه‌دانانی زیاتری ڕووسیا له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان که‌ ئه‌نجامه‌که‌شی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی نفووزی ڕووسیا له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86338

Your Comment

You are replying to: .
captcha