ئاواره‌کانی کوردی سووریا ڕه‌ونه‌قیان به‌ ئابووری هه‌رێمی کوردستان به‌خشیوه‌

به‌شی جیهان- پڕۆفیسۆر سسیل بۆهانن و نیک کۆروت له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌دان که‌ زۆربه‌ی ئاواره‌کانی کوردی سووریا که‌سانی شاره‌زا و خوێنده‌وارن و توانیویانه‌ کارگه‌لێکی گرنگ له‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌ده‌ست بهێنن که‌ هیچ داواکارێکی بۆ نه‌بووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوو مامۆستای به‌شی ئابووری زانکۆی ویلایه‌تی بال له‌ ئیندیاناپلیسی ئه‌مریکا له‌ یادداشتێکی هاوبه‌شدا ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر کاریگه‌ریی ئه‌رێنیی نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و 200 هه‌زار ئاواره‌ی عێراق و ناوچه‌ی کوردنشینی سووریا له‌سه‌ر ئابوور و هه‌لی کاری هه‌رێمی کوردستان کردووه‌.

دوو مامۆستاکه‌ی به‌شی ئابوور له‌ یادداشته‌که‌یاندا له‌ گۆڤاری ئینیانیاپلیس بیزنس ژۆرناڵ نووسیویانه‌: شه‌ڕی ناوخۆیی سووریا یه‌کێک له‌ قه‌یرانه‌ گرینگه‌کانی ده‌یه‌ی ڕابردوو له‌ جیهاندا بوو. ئه‌م مه‌سه‌له‌ بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ جگه‌ له‌ ئاواره‌بوونی ملیۆنان هاووڵاتیی سووریا نزیکه‌ی 250 هه‌زار کوردی سووریاش بچنه‌ هه‌رێمی کوردستان. به‌ بۆنه‌ی هێرشی داعش له‌ عێراقیش نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن که‌س له‌ حه‌شیمه‌تی ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵاتن.

دوو مامۆستاکه‌ی زانکۆی ئه‌مریکا له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ به‌ کارتێکه‌ریی ئه‌رێنیی داخڵ‌بوونی ئاواره‌کان بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌پێچه‌وانه‌ی دیکه‌ی بابه‌ته‌کانی جیهان ده‌که‌ن و ڕایان‌گه‌یاندووه‌: له‌ حاڵێکدا که‌ پێشبینی ده‌کرا په‌ڕینه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ هه‌رێمی کوردستان ببێته‌هۆی ڕکابه‌ری له‌سه‌ر هه‌لی کار و ته‌نانه‌ت ته‌نگه‌ژه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی لێبکه‌وێته‌وه‌ به‌ڵام شتێکی وا ڕووی نه‌دا.

پرۆفیسۆر سیسیل بۆهانن و نیک کۆروت له‌ یادداشته‌که‌یان ئاماژه‌ به‌و توێژینه‌وانه‌ ده‌که‌ن که‌ چه‌ندین مامۆستای گه‌نجی کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌باره‌ی بابه‌ته‌که‌ ئه‌نجامیان داوه‌ و به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتوون که‌ زۆربه‌ی ئاواره‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت ئاواره‌کانی سووریا بڕوانامه‌ی زانکۆیان هه‌یه‌ و کۆمه‌ڵێک کاربه‌ڕێکه‌ری لێهاتوون له‌ پیشه‌ جۆربه‌جۆره‌کاندا. ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ زۆرێک له‌ پیشه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان خاڵی ماوه‌ته‌وه‌ و که‌سانێکی گونجاویان بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و پیشانه‌ نه‌بوو‌. که‌واته‌ ڕکابه‌رییێک له‌سه‌ر پیشه‌کان ئه‌نجام نه‌دراوه‌ به‌ڵکوو پسپۆڕان و که‌سانی لێهاتوو له‌ بواری پزیشکی، یاسا، ده‌رمان‌سازی، ئه‌ندازیاری و کارخولقێنی له‌ نێوان ئه‌م که‌سانه‌دا بوون که‌ به‌ ئاسانی چوونه‌ ناو بازاڕی کاری هه‌رێمی کوردستان.

دوو مامۆستاکه‌ی زانکۆی ئه‌مریکا ئه‌م مه‌سه‌له‌یان له‌گه‌ڵ کۆچ‌کردنی دیکه‌ی خه‌ڵک له‌ وڵاتانی جۆراوجۆره‌وه‌ بۆ ئه‌مریکا به‌راورد کردووه‌ و ڕایان‌گه‌یاندووه‌ که‌ به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌رێمی کوردستان که‌ که‌سانی ئاواره‌ به‌ڵام لێهاتوو و خوێنده‌واری ڕاکێشاوه‌ له‌ ئه‌مریکا زۆربه‌ی کۆچبه‌رانی وڵاتانی دیکه‌ پیشه‌گه‌لێک ده‌ست پێده‌که‌ن که‌ خودی ئه‌مریکییه‌کان مه‌یلێکیان به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و کارانه‌ نییه‌.

دوو مامۆستاکه‌ی به‌شی ئابووری زانکۆی بالی ئه‌مریکا پێیان وایه‌ که‌ چوونی ئاواره‌ی لێهاتوو و خوێنده‌وار بۆ هه‌رێمی کوردستان بۆته‌ نیعمه‌تێک بۆ ئه‌و ناوچه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر کوردنشینه‌ی عێراق و یارمه‌تییێکی زۆری به‌ ڕه‌ونه‌قی ئابووریی هه‌رێمی کوردستان به‌خشیوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86315

Your Comment

You are replying to: .
captcha