کوردپرێس:
لە نزیك گوندی بێستانسوور سەربە دەشتی شارەزوور تیمێكی هاوبەشی ژاپۆنی-لوبنانی لە لایەن زانكۆی سكوبای ژاپۆنی و لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی سەرقاڵی كاری كنە و پشكنینی زانستی و مەیدانین بۆ ئاسەوارە دێرینەكانی ئەو ناوچەیە كە مێژوویان بۆ هەزار ساڵ پ.ز دەگەڕێتەوە.
گوندی بێستانسوور دەكەوێتە سنووری ناحیەی تانجەرۆ لە دەشتی شارەزوور لە پارێزگای سلێمانی، گوندەكە چەندین شوێنەواری مێژووییی تیادایە و چەند گردۆڵكەیێک كە هەمووی شوێنەواری مێژووییی كۆنن دەكەونە دەورووبەری گوندەكەوە.
بەپێی ئەنجامی كاری كنە و پشكنینی تیمێكی زانكۆی ریدینگی بەریتانی لە گردێكی گوندەكە و ئاشكراكردنی ئەنجامی كارەكانیان، راگەیەندرا كە بێستانسوور كۆنترین گوندی كشتوكاڵییە لە میزۆپۆتامیا.
لەئێستاشدا تیمێكی هاوبەشی ژاپۆنی-لوبنانی لە لایەن زانكۆی سكوبای ژاپۆنی و لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی لە یاسین تەپە لە نزیك گوندەكە سەرقاڵی كاری كنە و پشكنینی زانستی و مەیدانین بۆ شوێنەوارە مێژوویییەكانی ئەو ناوچەیە كە مێژوویان بۆ هەزار ساڵ پ.ز دەگەڕێتەوە.
سامی جەمیل نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، لە بارەی شوێنەوارەكەوە رایگەیاند: "وەك بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی لەگەڵ تیمێكی زانكۆیی ژاپۆنی و لوبنانی ماوەی سێ وەرزە بە هاوبەشی لەم ناوچەیە كاری كنە و پشكنین دەكەین، بۆ ئەمساڵیش 20 رۆژە دەستمان بە كاری كنە و پشكنین كردووە و رۆژانە بەردەوامین لە كارەكەمان".
ناوبراو وتیشی: "لە ئەنجامی ئەو كارانەی لەم ماوەیەدا كردوومانە دۆزینەوەی دوو گۆڕ بووە كە یەكیان لە شێوەی هۆڵێكی گەورەیە و چەند رووفاتێكی تیادایە كە لە دوو نهۆمی لەسەر یەك نێژراون، هەروەها گۆڕێكی ترمان لە هەمان ناوچە دۆزیوەتەوە كە ئەویش چەند رووفاتێكی تیادا نێژراوە لە هەردوو گۆڕەكەش ئێسك و پرووسكی 11 كەسی تیادایە".
سامی جەمیل لە بارەی مێژووی ئەو ناوچەیە و ئێسكەكانەوە، ئاماژەی كرد بەوەی كە بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستیان كەوتووە ئەو ناوچەیە مێژووەكەی بۆ 700 تا هەزار ساڵ پ.ز و سەردەمی ئاشوورییەكان دەگەڕێتەوە.
بڕیارە دوای تەواوكردنی كارەكانی ئەو تیمە هاوبەشە لە یاسین تەپە، دواتر شوێنەوارە دۆزراوەكان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بكرێت و بەڕەسمی راپۆرتی كۆتایی لەسەر ئەو ناوچەیە ئاشكرا بكرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment