ناوچە کوردنشینەکان بەشێکی سەرەکین لە بێشکەی شارستانییەتی مرۆڤ

بەشی جیهان- دوکتور کلۆدیا گلاتز سەرقاڵە بە توێژینەوە لەسەر شوێنەواری مێژوویی و کۆنینەی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەڵێت ئەم ناوچەیە بەشێکی سەرەکییە لە لانکەی شارستانییەتی جیهان.

کوردپرێس:

ماڵپەڕی زانکۆی گلاسکۆی سکۆتڵەند لە نووسراوێکیدا ڕایگەیاند دوکتورە کلودیا گلاتز توێژەی پلەباڵای بەشی کۆنینەناسی سەرپەرشتیاریی گرووپێکی کۆنینەناسانی جیهان دەکات کە لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵن بە توێژینەوە و ئامانجی ئەو گوورپەش دۆزینەوەی شوێنەوارە مێژوویییەکان و میراتی بەجێماوی باوباپیرانی ئەم بەرەیەی مرۆڤایەتییە ئەوەش لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق.

دوکتورە گلاتز بەهاوکاریی چەند پسپۆڕێکی زانکۆکە و گروپی نێودەوڵەتی پەردەیان لەسەر دوو مۆزەخانەی شوێنەواری مێژووری لە کەلار و سلێمانی لاداوە کە لەو دوو مۆزەخانەیەدا ئەو ئاسەوار و شوێنەوارە کۆنینانەی لە ناوچە کوردنیشنەکانی عێراق و بەتایبەتی لەگەرمیان دۆزراونەتەوە پیشان ڕای گشتی و بەتایبەتی منداڵان دەدرێت.

دوکتورە گلاتز هەرێمی کوردستان و ناوچەی گەرمیانی عێراق بە بەشێکی سەرەکی لە لانکەی شارستانییەتی مرۆڤ دەزانێت و دەشڵێت پێویستە توێژینەوە تۆکمە لەسەر ئەو ناوچەیە بکرێت و هاووڵاتییان و بەتایبەتی منداڵان لەگەڵ ژیان و نەریتی کۆن و شوێنەواری بەجێماوی بەرەی پێشوو ئاشنا بکرێن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆی گلاسکۆی سکۆتڵەند دووپاتی کردۆتەوە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو ناوچەیەی بە "بێشکەی شارستانییەت" ناسراوە و لەو ناوچەیەدا یەکەم جووتیارانی عالەم کاری بەرهەمهێنانی دەغڵ و دان و دەستەمۆکردنی ئاژەڵیان کردووە و یەکەم شار و ئیمپراتوورییە پێشکەوتووەکان و تەنانەت خەت و نووسینیش لە خاکی کوردستاندا دۆزاوەتەوە کە مێژووی کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 10 هەزار لەوەو پێش.

مامۆستای زانکۆی گلاسکۆ ئامانجی پڕۆژەکەش ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت پڕۆژەی کۆنینەناسی لە هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەوەیە ئاسەوارەکان تۆمار بکات و ئەرکی نۆژەنکردنەوە و پاراستنی میراتی کۆنی ناوچەکە لە ئەستۆی ئەو گرووپە دەبێت ئەرکی گرووپەکەش هاووڵاتییان لەگەڵ ئەو میراتە دەوڵەمەندە ئاشنا بکەن.

پڕۆژەی ئاشناکردنی هاووڵاتییان لەگەڵ میراتی کۆنی ڕابردوو و پاراستنی شوێنەوارە کۆنەکان لە هەرێمی کوردستان بە پشتگیریی ئەنجومەنی فەرهەنگیی بەریتانیا جێبەجێ دەکرێت و لە چوارچێوەی ئەرکی گرووپەکەشدا دوو مۆزەخانە لە سلێمانی و کەلار کراونەتەوە کە شوێنەوارەکانی تێدا نمایش دەکرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی زانکۆی گلاسکۆ زۆرترین چینی هاووڵاتییان کە مۆزەخانەکان بەسەر دەکەنەوە منداڵانن.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 86300

Your Comment

You are replying to: .
captcha