بە وێنە... کوردەکانی ڕووسیا بە نەریتی گوندەکانی کوردەواری دەژین

بەشی فەرهەنگ- نزیکەی 10 هەزار کورد لە هەرێمی کراسنەداری ڕووسیا بە نەریتی گوندنشینیی کوردستان دەژین. زۆرینەیان کوردی هەرێمی کوردستانن کە بە کۆچەری لە وڵاتی ڕووسیا گرساونەتەوە و کاتێک دەیاندوێنیت ئاواتی هەموویان ئەوەیە کورد یەک بگرێت و واز لە پەرتەوازەیی بهێنێت.

کوردپرێس:

پاش شەڕی یەکەمی جیهانی کە نەخشەی جوگرافیی ناوچەکە گۆڕدرا و بەپێی نەخشە نوێیەکە ناوچە کوردنشینەکان بۆ چوار پارچە دابەش کران ژمارەیێک لە کوردەکان ناچار بوون زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و ژمارەیێک لە کۆچەرە کودەکان ڕوویان کردە هەرێمی کراسنەداری ڕووسیا و لەوێ نیشتەجێ بوون. ئەو گوندانەی کوردەکانی تێدا نیشتەجێ بوون سەر بە باژێری "گەریاچی کلۆچ"ن و ژمارەیان دەگاتە 10 هەزار کەس.

باری تەیفوور دانیشتووی گوندی بیلۆ یەک لەو هاووڵاتییە کۆچەرانەیە و بە تەلەڤزیۆنی کوردستان تیڤیی وتووە ساڵی 1927 لە بەر زوڵم و زۆری ئەو کاتەی دەسەڵاتی تورکیا ناچار کراون زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن. ئەو دەڵێت سەرەتا لە ئەرمەنیستان گرسانەوە و تا 1988 لەوێ ژیاون. پاش 1988 دیسان هەریەکەو بە لایێکدا پەرتەوازە بوون و بە مەودای 2 هەزار و 3 هەزار کیلۆمەتر لێک بڕان.

تێلا عیسا دایەپیرەیێکی دانیشتووی گوندی بیلۆ دەروونی لە ئاوارەبوونی کەسوکارەکەی کەیلە و ئامۆژگاریی کورد و دەسەڵاتی کوردی دەکات کە یەک بن و دەست لە یەکتر بەر نەدەن. ئەو دەڵێت خێزان و منداڵەکانم نیوەیان لە ئەرمەنستانن نیوەیان لە ئازەربایجانن و بەشێکیان لە لینگرادن و هەریەکە لە وڵاتێک گرساونەتەوە.

میرزا عەلی بەدر دانیشتووی گوندی بژێدوگخابل باسی نەهامەتیی کۆچەری دەکات و بە حەسرەتەوە ئاواتی یەک‌بوونی کورد دەخوازێت و دەڵێت ئاواتی ئەوەیە ئەگەر خۆیشی نەیبینی منداڵ و نەوەی ئەو بەچاو بیبینن کە کورد واز لە پەرتەوازەیی بهێنێت. ماڵە باوکی میرزا عەلی لە دهۆکەوە چوونەتە تورکیا و لەوێوە بەرەو ڕووسیا چوون.

کوردەکانی هەرێمی کراسنەدار سۆزی تایبەتیان بۆ کوردایەتییەکەیان هەیە و داوا ئەکەن کورد پشتی یەک بگرن. بۆن و بەرامەی کوردایەتییەکەیان پێوە ماوە و وازیان لە نەریت و زمان و کولتوورەکەیان نەهێناوە. لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە و سۆز و خۆشەویستیی خۆیان بۆ زێد و باوانی چۆڵکراویان دەردەبڕن. نوێژ و نزای ئاینیی خۆیان دەکەن.

ئەسمەر نزا خاتوونێکی بەساڵاچووی دانیشتووی گوندی بیلۆ دەڵێت لە تەمەنی 7 ساڵییەوە ڕۆژووەکانی دەگرێت و تا دواتر گەورە بووە و خۆی ئاوەزی پەیدا کردووە و بە ئارەزووی خۆی حەزی کردووە بەردەوام بێت لە تاعەت و عیبادەتی خۆی.

کوردەکانی هەرێمی کراسنەدار ئاگایان لە یەکترە و لە شایی و شیوەنی هاوماڵەکانیاندا لایان چۆڵ ناکەن. کە یەکیان کەسێکی لێ دەمرێت تا 40 ڕۆژ هەموو ڕۆژانی پێنجشەمە سەردانی ئەو کەسە دەکەن و خەمی یەکتر دەڕەوێننەوە. قەبرستانەکانیان وەک مەزارەکانی کوردەواری، ئیسلامییانەیە.

نەریتێکی دیکەی پارێزراو لە نێوان کوردەکانی کراسنەدار ئاواز و حەیران و سترانی نیشتمانییە. دەنگخۆشەکانیان بە ئاواز و حەیران سۆز و تامەزرۆیییان بۆ نیشتمان و زێدی خۆیان هەڵدەڕێژن.

زۆرینەی ئەو کوردانەی دانیشتووی گوندەکانی هەرێمی کراسنەدارن لەباری پیشە و کاریشەوە میراتی باو و باپیرانییان پاراستووە. قەل و مریشک و مەڕوماڵات و وڵاخی بەرزەپا بەخێو دەکەن و بەو باڵندە و ئاژەڵە خۆماڵییانە جگە لە دابینکردنی پێویستی ڕۆژانەی خۆیان داهاتی فرۆشتنیشیان دەست دەکەوێت.

هەروەها بەشێکی زۆری دانیشتووانی گوندی بیلۆ بە جووتیارییەوە سەرقاڵن و بەرهەمەکانیشیان لە بازاڕەکانی شاردا دەفرۆشن. لەو ناوچەیەدا سەرما سەختەکەی ڕووسیا نییە و تەنانەت لە زستانیشدا بەفرێکی کەمی لێ دەبارێت بۆیە ناوچەیێکی لەبارە بۆ کشتوکاڵ.

عەلی تاهیر کوردێکی دانیشتووی گوندی بیلۆیە کە ئیشی جووتیاری دەکات و بەروموومەکانی ڕەنگ و بۆی کوردستانی پێوەیە. تەماتە و کوولەکە و خەیار و سەوزە و بیبەر و گوڵەبەڕۆژە دەکات. باخە هەرمێ و گوێز و هەنجیری هەیە و دەڵێت ڕازییە لە کارەکەی و داهاتی باشی بۆی هەیە.

News Code 86299

Your Comment

You are replying to: .
captcha