لە شەڕی دژبە داعش نزیكەی 12 هەزار پێشمەرگە بریندار بوون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: " لە شەڕی دژبە داعش، نزیكەی 12 هەزار پێشمەرگە بریندار بوون، لە نێویاندا 293 كەسیان كەمئەندام بوون".

کوردپرێس: لە رۆژانی10 و 11ی ئەم مانگە خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەكانی كەم ئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێڤ بەسترا، تیایدا شاندێكی هەرێمی كوردستان بەشدارییان كرد، گفتوگۆكانی راپۆرتی سەرەتایی عێراق تایبەت بە رێككەوتننامەی مافی كەم ئەندامان لە میانی دوو رۆژی كۆبوونەوەكە كرا.

دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم و سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان، باسی لەوەكرد كە بەشداری كردنی ھەرێمی كوردستان و پێشكەش كردنی گوتاری ھەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراق لە خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەكانی كەم ئەندامان (CRPD) لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر نەتەوە یەكگرتووەكان گرنگی خۆی هەیە بۆ خستنەڕووی پابەندبوونەكانی حكوومەتی هەرێم كە هەنگاوی زۆری ئەنجام داوە.

دیندار زێباری وتوشیەتی: دوای هێرشەكانی داعش نزیكەی دوو هەزار پێشمەرگە گیانیان سپاردووە و 12 هەزاریش بریندار بوون و ئەندامێكی لەشیان لە دەستدا كە هەندێكیان تووشی كەم ئەندامی تەواو بوون لەوانە 235 پێشمەرگە دەست یان قاچێكیان لە دەست دا و 20 پێشمەرگە توانای بینینیان لە دەست دا و 38 پێشمەرگە تووشی ئیفلیجی تەواو بوون و عەرەبانە بەكاردەهێنن بۆ هاتووچۆ كردن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86297

Your Comment

You are replying to: .
captcha