لاپتۆپێکی دروست‌کراو له‌ دار که‌ به‌ تیشكی خۆر شه‌حن ده‌بێته‌وه‌

به‌شی زانست و ته‌کنه‌لۆجیا- کۆمپانیایێکی پیرۆ لاپتۆپێکی ناوازه‌ی دروست کرد که‌ پێکهاته‌ی ده‌ره‌وه‌ی له‌ داره‌ و له‌ جیاتی شه‌حن‌کردنه‌وه‌ی به‌ کاره‌با له‌ ڕێگای تیشکی خۆر شه‌حن ده‌کرێته‌وه‌.

کوردپرێس:

كۆمپانیایێكی ته‌كنه‌لۆجیا له‌ پیرۆ لاپتۆپێكی ناوازه‌ و جیاوازی دروست كرد كه‌ پێكهاته‌ی ده‌ره‌وه‌ی له‌ دار دروست كردووه‌ و له‌جیاتی شه‌حنكردنه‌وه‌یشی به‌ كاره‌با ده‌توانرێ به‌ تیشكی خۆر شه‌حن بكرێته‌وه‌ و دیزاینه‌ره‌كه‌یشی باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ماوه‌ی 15 ساڵ خه‌ریكی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی بووه‌ و دواجار توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتوو بێ و لاپتۆپه‌كه‌ دروست بكات.

كۆمپانیاكان كێبه‌ركێیانه‌ له‌سه‌ر خستنه‌ڕووی به‌رهه‌می جیاوازتر و هه‌رزانتری ته‌كنه‌لۆجیا و كۆمپیوته‌ر و تابڵێت و لاپتۆپ و مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان، له‌ ده‌سپێشخه‌رییه‌كی نوێش كۆمپانیایێكی وڵاتی پیرۆ كه‌ به‌ یه‌كێک له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كانیش داده‌نرێ، لاپتۆپێكی له‌ دار دروستكراو و به‌ تیشكی خۆر شه‌حنكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێنا.

لاپتۆپه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای خانه‌واده‌ی كاراسكۆس به‌رهه‌م هێنراوه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ بواری كۆمپیوته‌ر و ته‌كنه‌لۆجیا و ناوی لاپتۆپه‌ نوێكه‌یشیان كردووه‌ به‌ لاپتۆپی "واوا" كه‌ ڕووكاری ده‌ره‌وه‌ی به‌ دار داپۆشراوه‌ و به‌ ئاسانی ده‌توانرێ هه‌ركات شكا یان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات ڕووی ده‌ره‌وه‌ی لێ بكرێته‌وه‌ و دانه‌یێكی‌تری بۆ دابنرێ و نوێ بكرێته‌وه‌.

لاپتۆپه‌كه‌ به‌ ته‌واوی ته‌نكه‌ و كێشێكی كه‌می هه‌یه‌ و به‌ سووكترین لاپتۆپ له‌ ڕووی كێشه‌وه‌ هه‌ژمار ده‌كرێ كه‌ تا ئێستا‌ به‌رهه‌م هێنرابێ، لاپتۆپه‌كان به‌هۆی قورسیی كێشیانه‌وه‌ زۆر جار بوونه‌ته‌ كێشه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان چوونكه‌ له‌ كاتی گه‌شت و ڕۆیشتن بۆ شوێنه‌ جیا جیاكان ده‌بووه‌ بارێكی گران به ‌سه‌ر شانیانه‌وه‌.

هه‌رزانی نرخه‌كه‌ی هێنده‌ی‌تر هه‌وادارانی لاپتۆپی سه‌رسام كردووه‌ كه‌ نرخه‌كه‌ی ته‌نیا 235 دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه‌ و تایبه‌تمه‌ندیی شه‌حنكردنه‌وه‌یشی له‌ ڕێی تیشكی خۆر یه‌كێكه‌ له‌ خواستی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌و شوێنانه‌ی وزه‌ی كاره‌بایان ده‌ست ناكه‌وێ لاپتۆپ به‌ كار ده‌هێنن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86291

Your Comment

You are replying to: .
captcha