کوردپرێس: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕ کردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداریی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی سەرەتای ئامادە کردنی ڕەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
هەروەها لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بانگهێشتی لیژنەکانی دارایی، نەوت و گاز، یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 2019/9/12 شاندێکی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشکەش کرد کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت، وەزیری پلاندانان تیشکی خستە سەر لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە بڕیار درا لێژنەیێکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە.
لە کۆتاییدا کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج کرد بە شێوەیێک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت، لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی (الدفاتر التجاریه)ی پەسەند کرد کە میکانیزمی نوێ لەخۆ دەگرێت بۆ ڕێکخستنەوەی باج.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment