ڕوانگه‌ی مافی مرۆڤی سووریا: هه‌نگاوه‌کان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردیی عه‌فرین به‌رده‌وامه‌

به‌شی سووریا- ڕوانگه‌ی مافی مرۆڤی سووریا ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی دۆخی عه‌فرین بڵاو کرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند که‌ هه‌نگاوه‌کان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردیی عه‌فرین درێژه‌ی هه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕوانگه‌ی مافی مرۆڤی سووریا ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی دۆخی عه‌فرین بڵاو کرده‌وه‌ و له‌ ڕاپۆرته‌که‌یدا باسی له‌ به‌رده‌وامیی هه‌نگاوه‌کانی سوپای ئازادی سووریا- سوپای تورکیا کرد بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردی له‌ عه‌فرین و نیشته‌جێ‌کردنی عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کانی نزیک له‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌و ناوچه‌یه‌ و گوتی: به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست که‌وتووه‌ 21 هه‌زار بنه‌ماڵه‌ی ناوچه‌کانی ئیدلب و حه‌ما بۆ عه‌فرین گواستراونه‌ته‌وه‌ و له‌ ناوچه‌کانی "شراء" و "بلبله‌"ی ناوچه‌ی کوردنشینی عه‌فرین نیشته‌جێ کراون. له‌ ئێستادا خه‌ڵکی کوردی ناوچه‌ی "بلبله‌" ته‌نها 25 له‌سه‌دی حه‌شیمه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێکده‌هێنن و 75 له‌سه‌دی دیکه‌ی حه‌شیمه‌تی ناوچه‌که له‌و عه‌ره‌ب و تورکمانانه‌ پێکدێت که‌ له‌لایه‌ن سوپای تورکیاوه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ نێشته‌جێ کراون.

ڕوانگه‌ی مافی مرۆڤی سووریا له‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌یدا ڕای‌گه‌یاندووه‌: هێزه‌کانی سوپای ئازادی سووریا هه‌لده‌کوتنه‌ سه‌ر خانووی خه‌ڵکی عه‌فرین و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌یان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بنه‌ماڵه‌ کورده‌ سێ تا پێنج که‌سییه‌کانی عه‌فرین ناچار ده‌که‌ن له‌و ناوچه‌یه‌ کۆچ بکه‌ن. خانوو و زه‌وی و زاری خه‌ڵکی کوردی ناوچه‌ی شا سوڵتان سلێمان که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌رکرابوون ڕاده‌ستی عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کان کراوه‌ و هه‌نگاوه‌کان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌که‌ به‌ توندی به‌رده‌وامه‌. به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ش ده‌ست که‌وتووه‌ تورکیا هه‌وڵه‌کانی بۆ دروست‌کردنی ڕێڕه‌وێکی تورکمان له‌ سنووره‌کانی خۆی چڕ کردووه‌ که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ عه‌فرین جێبه‌جێ ده‌کات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86254

Your Comment

You are replying to: .
captcha