سەرۆکی هەرێم کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق کۆ بوونەوە.

کوردپرێس: ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ھەردوولا پەیوەندییەكانی ھەولێر ـ بەغدا، پرسی بوودجەی گشتیی ساڵی داھاتووی عێراق، بارودۆخی پارێزگای كەركووک و چۆنیەتیی بەشداری كردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، ناوچە جێناكۆكەكان و ماددەی 140، پرۆسەی سیاسیی عێراق و دۆخی ئەمنیی وڵات، ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی كوردستان و چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ شوێنەكانی خۆیان، دۆخی ئاوارە ئێزدییەكان و ناوچەی شنگال و چەند پرسێكی دیكەیان تاوتوێ كرد.

لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە دیالۆگی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكاندا، پێویستی بە میكانیزمێكی گونجاوی باشتر هەیە، هەروەها ڕوونی كردەوە كە مەرج نییە لیژنەكانی نێوان هەردوولا سیاسی بن، بەڵكو لە زۆر بواردا لیژنەكان دەكرێ تەكنیكی بن.

لە درێژەدا نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ بوونەوە.

مەسروور بارزانی لە دیدارەکەدا تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق و ئاماژەی بەوە كرد كە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامن و ئامانجی سەرەكیمان ئەوەیە بگەینە رێككەوتن بە شێوەیێک كە مافە دەستوورییەكانمان پارێزراو بن.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونیشی كردەوە، كە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، بەڵام هەرێمی كوردستان وەک پەناگەیێكی ئارام، بەردەوام پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران كردووە و هاوكاری پێویستی پێشكەش كردوون.

لەبارەی دۆخی كەركووكیش هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنی جێبەجێ كردنی ماددەی 140 ی دەستوور و ئاساییكردنەوەی باردۆخی دەڤەرەكە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86235

Your Comment

You are replying to: .
captcha