کوردپرێس:
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانیی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی، کۆسرەت رەسوڵ ڕۆژی یەكشەممە 8ی ئەیلوولی 2019 لە سلێمانی پێشوازیی لە ستیفن فەیگن، كونسووڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كردووە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دۆخی حزبی و ڕێكخراوەیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان کرا.
ئاماژە بەوەکراوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی ئایندەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‎پەیوەست بە بڕیاری ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی کرد، جەختیان لە گرنگیی یەكێتی بۆ كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد و دووپاتیان كردەوە، "كۆنگرەی یەكێتی بۆ دوبارە ڕێكخستنەوەی هەیكەلی حزب و پەیڕەو پڕۆگرامێكی نوێ بۆ داهاتوی حزب و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەبێت".
كۆسرەت رەسوڵ لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە، "كۆدەنگی و هاوهەڵوێستییێكی دڵسۆزانە هەیە بۆ رێكخستنەوەی یەكێتی و ئەنجامدانی كۆنگرەیێكی نەوعی، كە یەكێتی بكاتەوە بەچەتری كۆكەرەوەی هەمو تێكۆشەران و دڵسۆزانی".
جێگری سكرتێری گشتی دووپاتی كردەوە، یەكێتی لەگەڵ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداو چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانی نێوان هەردولایە و لەم پێناوەشدا بڕیار و ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیەو هەوڵی جێبەجێكردنی دەدا.
لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە کۆسرەت رەسوڵ و كونسووڵی گشتیی ئەمریكا دووپاتیان كردەوە، "دەبێ دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی بكرێنەوە و لایەنە كوردییەكان بەیەك هەڵوێستی و یەك گوتاری كاربكەن بۆ ئەم پرسە".
Your Comment