شاندی هەدەپە لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندەکەی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە درێژەی سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو حزبی ئیسلامیی کۆمەڵ و یەکگرتوو کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەشاری هەولێر شاندەکەی هەدەپە و کەجەدە بە سەرۆکایەتیی سەزای تەمەللی، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە و بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەدە، کە ماوەی دوو ڕۆژە لە هەرێمی کوردستانن و سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن، سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن هادی عەلی، محەمەد هاودیانی، خەلیل ئیبراهیم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.

لەداوای کۆبوونەوەکە، سەزای تەمەللی و هادی عەلی، کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجام دا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا سەزای تەمەللی وتی: ئەم سەردانەمان بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا زۆر گرنگە، ئێستا کە هەموو کەس باسی ئاشتی دەکات، ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە کات کاتی ئاشتییە، ئیمە بەردەوام باسی ئاشتیمان کردووە، دەستپێشەخەریمان بۆ ئاشتی کردووە، بەڵام دەسەڵاتی تورکیا بەردەوام لەبری ئاشتی شەر پێش دەخات، پێویستە هەموو لایێکمان بۆ ئاشتی هەوڵبەین، دەبێت لەشەڕ ڕزگارمان بێت، تورکیاش دەبێت لەشەڕ ڕزگاری بێت، بۆ ئەوەش ئەرکێکی گەورە لەسەر شانی گەلی تورکیایە.

سەزای تەمەللی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە ئەم خواستەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەینە ڕۆژەڤی پەرلەمانی تورکیا و لەگەڵ هەموو لایەنەکانی تورکیا باسی دەکەین.

دواتر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا هادی عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان قسەی کرد و وتی: سەردانی ئەم شاندە بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانین، چوونکە پتەو کردنی پەیوەندی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و کوردستانی تورکیا بۆ هەردوولا و بۆ دۆزی ڕەوای کورد گرنگی هەیە، هەرەوە هیوادارین کێشەی کورد لە تورکیادا بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، ئێمە پێشتر زۆر کارمان کردووە بۆ پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، لەمەبەدواش ئەوەی بکەوێتە سەرمان ئەنجامی دەدەین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86224

Your Comment

You are replying to: .
captcha