کوردپرێس:
ڕۆژی 3ی ئه‌م مانگه دیندار زێباری ڕێكخه‌ری ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكدا ڕه‌تی كردبووه‌وه كه له هه‌رێمی كوردستان هیچ زیندانێكی نهێنی و سیاسی هه‌بێت و له‌وباره‌یه‌وه سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان له لاپه‌ڕه‌ی خۆی له فه‌یسبووک نووسیویه‌تی: "له ھه‌رێمی کوردستان زیندانی نھێنی بوونی ھه‌یه."
سۆران عومه‌ر وتووشیه‌تی: "ته‌حه‌داش ده‌که‌م با دیندار زێباری بێت به ئاماده‌بوونی لیژنه‌یێکی په‌رله‌مانی کوردستان و نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ھه‌رێم و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان له ھه‌رێم شوێنی زیندانه نھێنیه‌کان ئاشکرا ده‌که‌م بۆیان."
به‌پێی قسه‌ی سۆران عومه‌ر "ئێستا ده‌یان که‌س له‌و زیندانه نهێنیانه‌دا به‌ندن و چاره‌نووسیان به نادیاری ماوه‌ته‌وه! ئه‌م که‌سانه‌ی له‌و زیندانانه‌ن ڕفێنراون."
سۆران عومه‌ر جه‌ختی كردۆته‌وه كه "د. دیندار زێباری زانیاری نه‌سه‌لمێنراو ده‌دات له‌باره‌ی زیندانی نھێنی و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ڕفاندن و پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ و ڕاستییه‌کان ده‌شارێته‌وه."
پێشتر دیندار زێباری له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا كه بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵۆ ئه‌نجامی دابوو وتبووی: "زۆر جار باسمان له‌وه كردووه له هه‌رێمی كوردستان هیچ زیندانێكی نهێنی نییه و داوامان له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌كان و زۆر له وڵاتان كردووه ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌یان هه‌بووه كه یارمه‌تیده‌ر بن ئه‌گه‌ر شتێكی وا هه‌بێت، ئێمه ته‌حه‌دا ده‌كه‌ین كه له هه‌رێمی كوردستان شتێک به ناوی زیندانی سیاسی نییه، نه‌وه‌ک هه‌ر ئه‌وه زیندانیی سیاسیشمان نییه، ئه‌وانه‌ی بێسه‌روشوێنن له نه‌وه‌ده‌كان و پێشتر و له به‌رگریی له هه‌رێمی كوردستان و ناكۆكییه‌كانیش بێت وه‌كوو ئامار شتێكی وامان له‌به‌رده‌ست نییه به‌ناوی بێسه‌روشوێن."
سه‌رچاوه: ئاوێنه
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment