پارتی نه‌وتی 10 کێڵگه‌ی نه‌وتیی باکووری عێراق به‌تاڵان ده‌بات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌دین په‌رله‌مانتاری کوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار کرد که‌ نه‌وتی 10 کێڵگه‌ی نه‌وتیی باکووری عێراق به‌تاڵان ده‌بات.

سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین په‌رله‌مانتاری جووڵانه‌وه‌ی ئاینده‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: نه‌وتی 10 کێڵگه‌ی نه‌وتیی هه‌ڵکه‌وتوو له‌ ناوچه‌كانی عه‌ین زاله‌ و شێخان و چه‌ند ناوچه‌یێكی‌تری زاخۆ -كه‌ كۆنتڕۆڵی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ژێر ده‌ستی پارتی دیموكراتدایه‌- له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ به‌تاڵان ده‌برێت.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عێراق جه‌ختی کرده‌وه‌ كه‌ نه‌ حكوومه‌تی عێراق و نه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتیان به ‌سه‌ر ئه‌و کێڵگه‌ نه‌وتییانه‌ نییه ‌و ناشزانن داهاته‌كه‌ی چۆن ‌و بۆ كوێ‌ ده‌ڕوات.

سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌دین داوای له‌ حکوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق کرد که‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بكات ‌و ڕێگری له‌و پرۆسه‌ی به‌تاڵانبردنی نه‌وته‌ بكات.

نه‌وت و داهاته‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پرسێکی جێناکۆکیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دێته‌ ئه‌ژمار.

ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق به‌ شێوه‌ی به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ ده‌گرێت له‌وان ڕاده‌ست‌نه‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ به‌غدا و پێبه‌ند نه‌بوونی هه‌ولێر به‌ یاسای بودجه‌ی 2019.

به‌پێی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق ده‌بێ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی به‌شه‌بودجه‌که‌ی خۆی له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا بکات که‌ تاکوو ئێستا حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ڵێنه‌که‌ی له‌و باره‌وه‌ نه‌بردۆته‌ سه‌ر و هیچ نه‌وتێکی ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌کردووه‌.

پێشتر سه‌رکه‌وت شه‌مسه‌دین له‌ دیمانه‌یێک له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا باسی له‌ قۆرخ‌کردنی که‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان کردبوو و ته‌ئکیدی کردبوو: له‌ هه‌رێمی کوردستان دۆسیه‌ی نه‌وت له‌ ده‌ستی گرووپێکی تایبه‌تدایه‌ که‌ ئێمه‌ ئه‌وان به‌ به‌رپرسی به‌قاچاخ‌بردنی نه‌وت و تاڵان‌بردن و شاردنه‌وه‌ی داتاکانی په‌یوه‌ندیدار به‌ داهاتی نه‌وت و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی سه‌ر خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان ده‌زانین.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌کان له‌باره‌ی بڕینی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان و ڕه‌وانه‌ نه‌کردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندبوو: حکوومه‌تی ناوه‌ندی نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌هۆی پێبه‌ند نه‌بوونی هه‌رێم به‌ یاسای بودجه‌ و ڕێککه‌وتنه‌که‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ڕاده‌ست‌کردنی نه‌وت به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌شه‌بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ببڕێت. به‌غدا بۆ پیشاندانی نیازپاکیی خۆی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێم ئه‌و یاسایه‌ی په‌سه‌ند و جێبه‌جێ کرد. له‌ ئێستادا گوشارێکی زۆر خراوه‌ته‌ سه‌ر حکوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی و ئه‌م گوشارانه‌ش له‌سه‌ر حیزبه‌ سیاسییه‌کان و نوێنه‌رانی په‌رله‌مانیش ده‌بینرێت.

نوێنه‌ره‌ کورده‌که‌ی په‌رله‌مانی عێراق زیادیشی کرد: پێده‌چێت ڕێککه‌وتنی سیاسی بۆ ساڵی داهاتوو له‌سه‌ر بودجه‌ ئه‌نجام نه‌درێت. به‌رپرسانی هه‌رێم به‌تایبه‌ت پارتی دیموکراتی کوردستان و له‌ نێوانیاندا مه‌سعوود بارزانی ته‌حه‌مولی دۆخێکی وایان ده‌بێت و ئه‌مه‌ش له‌مپه‌رێکه‌ له‌ به‌رده‌م چاره‌کردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86192

Your Comment

You are replying to: .
captcha