ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش و هزری توندڕۆیی هێشتا چارەسەر نەكراون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود بارزانی، ئه‌مڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەددین پێشوازی لە ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە شاری هەولێر كرد.

کوردپرێس: لە دیدارەكەدا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم و پاتریس لۆغوا جێگری كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئامادەی بوون و كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، خۆشحاڵیی خۆیشی بە بوونی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی حكوومەتی تازەی هەرێم نیشان دا و جەختیشی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی كوردستان كردووە.

كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا هەروەها ئەوەیشی بە بارزانی راگەیاند كە وڵاتەكەی بە ئیجابی سەیری باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات.

ناوبراو راشیگەیاند سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەلای فەرەنساوە گرنگە و وڵاتەكەی ویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەردەوام بوونی لە پاڵپشتی كردنی هەرێمی كوردستانی هەیە.

لای خۆیەوە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسا سوپاسی سەرۆک و حكوومەتەكانی فەڕەنسای كرد كە لە رۆژانی تەنگانە و شەڕی داعشدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا هیچ سەقفێک بوونی نییە.

هەڕەشەی تیرۆر و بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سووریا چەند تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون و بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەكەی ماكرۆن لەمەڕ سووریا، نیگەرانی و تێبینییەكانی خۆیشی لەسەر بارودۆخ و داهاتووی گەلی كورد لە سووریا بە شاندی میوان راگەیاند.

پەیوەست بە هەڕەشەی داعش و هزری توندڕۆیی مەسعوود بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی داعش و هزری توندڕۆیی هێشتا چارەسەر نەكراون بۆیەشە مەترسیی بەهێزبوونەوەی تیرۆر لە ئارادایە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 86139

Your Comment

You are replying to: .
captcha