په‌یمانگای ئه‌مریکه‌ن ئه‌نتێرپرایز: ئه‌وه‌ی که ‌تورکیا کورد به‌ مه‌ترسی ده‌زانێت ئه‌ساسی نییه‌

به‌شی جیهان- په‌یمانگای ئه‌مریکه‌ن ئه‌نتێرپرایز له‌ بابه‌تێکدا نووسیویه‌تی: باکووری سووریا یه‌ک له‌ ناوچه‌ سه‌قامگیره‌کانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ و کورد ده‌وری سه‌ره‌کیی بینیوه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر بۆیه‌ش ئه‌و ئیدیعایه‌ی تورکیا ئه‌ساسی نییه‌ که‌ کورد به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر سنووره‌کانی خۆی ده‌زانێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ساڵی 2018 تورکیا به‌ بیانووی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منیی کورده‌کان له‌سه‌ر باکووری خۆرئاوای سووریا ناوچه‌که‌ی داگیر کرد. له‌و کاته‌وه‌ عه‌فرین که‌وتۆته‌ ده‌ست تورکیا و میلیشیاکانی سه‌ر به‌و وڵاته‌ حیزبی باڵاده‌ستی تورکیا به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌ردۆغان ئێستاش ئیدیعای ئه‌وه‌ ده‌کات هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا ناسراو به‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) تیرۆریستن و هه‌ر به‌و پاساوه‌ش نیازیه‌تی هه‌ڵبکوتێته‌ سه‌ر باکووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا.

په‌یمانگای ئه‌مریکه‌ن ئه‌نتێرپرایز له‌ وتارێکدا ئیدیعاکانی تورکیا دژ به‌ کوردی سووریا به‌ بێ‌بنه‌ما وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت: به‌ بڕوای چاودێرانی سیاسیی ئه‌و په‌یمانگایه‌ تورکیا به‌ پشتگیری‌کردنی سه‌ربزێوانی سووریا زه‌مینه‌ی بۆ نائه‌من‌بوون و ناسه‌قامگیریی ناوچه‌که‌ دروست کردووه‌.

ئه‌مریکه‌ن ئه‌نتێرپرایز ئاماژه‌ به‌ کارنامه‌ی جه‌یمز جێفری نوێنه‌ری ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریاش ده‌کات که‌ له‌پێناو ڕازی‌کردنی تورکیا له‌ باکووری سووریا کاری کردووه‌ و هه‌وڵی هاوبه‌شی ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتن بۆ سنووردارکردنی هێزی کوردی له‌ باکووری سووریا پڕۆژه‌ی ئه‌و دوو وڵاته‌ بووه له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام به‌ڵام په‌یمانگاکه‌ به‌ مه‌عقووڵی نازانێت له‌به‌ر چه‌ند هۆکار یه‌که‌م ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوردی سووریا سه‌قامگیرترین و ئارامترین ناوچه‌ی خاکی سووریایه‌. هۆکاری دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ کورده‌کان له‌و کاته‌دا تورکیا پشتگیریی میلیشیا توندڕه‌وه‌کانی سووریای ده‌کرد وه‌ک کاراترین هێز له‌ به‌رانبه‌ر داعشدا شه‌ڕیان کرد. هۆکاری سێهه‌م ئه‌وه‌یه‌ کورده‌کان بوون به‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا تورکیا ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ ئه‌مریکا دوور ده‌که‌وته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامیشدا هێرشه‌ پێشووه‌که‌ی تورکیا بۆ باکووری سووریا بووه‌هۆی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی کورده‌کان له‌ عه‌فرین.

نووسه‌ری وتاره‌که‌ی په‌یمانگای ئه‌مریکه‌ن ئه‌نتێرپرایز قه‌ناعه‌تی وایه‌ نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا له‌باره‌ی کوردی سووریاوه‌ ڕاست نیین به‌ڵکوو ئه‌ردۆغان نیازیه‌تی ئیمتیازی زیاتر له‌ ئه‌مریکا وه‌ربگرێت.

ئه‌و په‌یمانگایه‌ ئاماژه‌ به‌ داتای ڕاگه‌یێندراو له‌باره‌ی هێرشه‌ قورسه‌کانی سه‌ر سنووری سووریا و تورکیا ده‌کات که‌ سه‌نته‌ری هه‌واڵگریی ڕۆژئاوا بڵاوی کردۆته‌وه‌ و ده‌شڵێت: زیاترین هێرشه‌کان به‌ قورسترین خه‌ساره‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ ڕوویان داوه‌ که‌ به‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تی تورکیا و میلیشیاکانی سه‌ر به‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌ی سه‌ر سنووریشدا 27 هاووڵاتی بوونه‌ قوربانی.

په‌یمانگه‌ ئه‌مریکییه‌که‌ بڕوایشی وایه‌ که‌ ده‌بێت تورکیا داتای ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ بڵاو بکاته‌وه‌ که‌ کوردی سووریا هۆکاری بوون به‌ڵام چ ئه‌مریکاش و چ تورکیاش له‌وباره‌یه‌وه‌ بێده‌نگ بوون.

ئه‌مریکه‌ن ئه‌نتێرپرایز له‌ ئه‌نجامدا ده‌شڵیت: ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حیساباتی کوردی سووریا ئیمتیاز به‌ تورکیا بدرێت نه‌ شایسته‌یه‌ و نه‌ سازنده‌شه‌.

News Code 86132

Your Comment

You are replying to: .
captcha