به‌رهه‌م ساڵح: هه‌ڵوێستی عێراق یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ که‌م‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی مه‌ترسییان له‌سه‌ر ناوچه‌که‌ هه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌گه‌ڵ سکرتێری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌ب کۆ بوویه‌وه‌ و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی به‌دوورگرتنی عێراق له‌ هه‌ر سیاسه‌تێکی جه‌مسه‌رگیری و ئه‌نجامدانی کاری هاوبه‌شی هه‌موان بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی و سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌ کرده‌وه‌.

کوردپرێس:

ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 3ی ئابی 2019 به‌رهه‌م ساڵح له‌ کۆشکی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازی کردووه‌ له‌ ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یز سکرتێری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌ب و شاندێكی یاوه‌ری.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆیێکی دوور و درێژ سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی و ئاسایش له‌ عێراق و ناوچه‌که‌دا کرا و له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌رهه‌م ساڵح باسی له‌ ھه‌وڵه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌کانی عێراق کرد پاش سه‌رکه‌وتن به‌ سه‌ر تیرۆریستانی داعشدا به‌و ئاڕاسته‌یه‌ی که‌ سه‌رکه‌وتنه‌کان ته‌واو بکرێت به‌ کۆتایی ھێنانی یه‌کجاری گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان و دابین کردنی ژینگه‌یێکی سه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ ھاوکار بێت بۆ پێشکه‌شکردنی پرۆژه‌کانی بونیادنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی ژێرخانی ئابووری و خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌ وڵاتدا.

ھه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌رھه‌م ساڵح جه‌ختی له‌ دیدی نیشتمانیی عێراق کرده‌وه‌ که‌ به‌رپرسیارانه‌ ته‌ماشای پرسه‌کانی ناوچه‌که‌ و جیھان ده‌کات له‌ ڕێگای کارکردنی ھاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ھه‌مواندا له‌پێناو ئاشتی و سه‌قامگیری و به‌دوورگرتنی عێراق له‌ ھه‌ر سیاسه‌تێکی جه‌مسه‌رگیری له‌ ناوچه‌که‌دا.

به‌رهه‌م ساڵح باسی له‌وه‌ کرد که‌ هه‌ڵوێستی عێراقی یارمه‌تیده‌ری ھه‌ر ھه‌وڵێکه‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌کان که‌ مه‌ترسییان بۆ سه‌ر ھه‌موان ھه‌یه‌.

سه‌رۆک کۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی ڕۆڵی کۆمکاری عه‌ره‌بی له‌ ھه‌ماھه‌نگی و یه‌کخستنی بیروڕا و ھه‌ڵوێسته‌کانی وڵاتانی ئه‌ندام کرد به‌تایبه‌تی ھه‌وڵه‌کانی کۆتایی ھێنان به‌ ئاڵۆزییه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی گونجاو بۆ قه‌یرانه‌کانی ناوچه‌که‌ و ھاوکات ئاماژه‌ی به‌ پشتیوانی کردنی عێراق بۆ ئه‌و ھه‌وڵانه‌ کرد که‌ پارێزگاری له‌ ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌ و زیادکردنی ھه‌لی بونیادنان و ھاریکاری و کاری ھاوبه‌ش ده‌که‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یز بارودۆخ و پێشھاته‌کانی ناوچه‌که‌ به‌گشتی و ھه‌ڵوێستی کۆمکاری عه‌ره‌بی له‌وباره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو به‌تایبه‌تی پرسی فه‌له‌ستین و ھه‌وڵه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کانی سووریا و یه‌مه‌ن و لیبیا بۆ به‌ھێزکردنی کاری ھاوبه‌ش له‌ بواری به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆر.

ناوبراو ڕێزی بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ گرنگه‌ی عێراق پیشان دا که‌ ده‌یگێڕێت له‌ به‌ھێزکردن و کاراکردنی سیسته‌می کاری عه‌ره‌بی ھاوبه‌ش وه‌ک یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌رانی کۆمکاری عه‌ره‌بی، ھاوکات ھه‌وڵه‌کانی عێراقی له‌پێناوی چه‌سپاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌که‌ و قوربانییه‌کانی گه‌لی عێراق له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر به‌رز نرخاند.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86127

Your Comment

You are replying to: .
captcha