مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ شاندێکی سه‌ربازیی ئه‌مریکی کۆ بوویه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی سه‌ربازیی ئه‌مریکا کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی ئاسایشی عێراق و ناوچه‌که‌ کرا.

کوردپرێس:

ئێواره‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلوولی 2019 مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی له‌ شاندێکی باڵای سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریکی به‌ سه‌رۆکایه‌تیی جه‌نه‌راڵ لاکامرا فه‌رمانده‌ی هێزی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا کرد.

له‌ دیداره‌که‌دا مه‌سروور بارزانی سوپاسی هاوکارییه‌کانی هاوپه‌یمانان و به‌تایبه‌تیش ئه‌مه‌ریکای کرد له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و ڕوونی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و هۆکارانه‌ی بوونه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی داعش هێشتا هه‌ر ماون بۆیه‌ش ده‌بینین له‌ زۆر ناوچه‌دا داعش ده‌ستی به‌ کاری تیرۆریستی کردووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی بۆ سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌.

سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم وتیشی: سه‌قامگیربونی ئاسایش له‌ عێراق کاریگه‌ریی ئه‌رێنی ده‌بێت بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌که‌ به‌ گشتی .

هه‌روه‌ها له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی ئاسایشی عێراق و ناوچه‌که‌ کرا و جه‌نه‌ڕال لاکامرا ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌کان کرد له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جموجووڵی شانه‌کانی داعش کرد که‌ ئێستا له‌ زۆر ناوچه‌ی عێراقدا هه‌ڕه‌شه‌ی جددین بۆ سه‌رناوچه‌که‌ و ڕێگرن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ شوێنه‌کانیان.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86124

Your Comment

You are replying to: .
captcha