وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئه‌مینداری كۆمكاری عه‌ره‌ب كۆ بوونه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌ب کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ته‌نگه‌ژه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا و هه‌نگاوه‌کانی عێراق بۆ که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ و هێرشی ئه‌مدواییه‌ی ڕژێمی زایۆنی بۆ سه‌ر هه‌ندێک وڵاتی ناوچه‌که تاوتوێ کران.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلوولی 2019 محه‌مه‌د عه‌لی حه‌کیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یز ئه‌مینداری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌ب کۆ بوویه‌وه‌ و دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوو لایه‌ن له‌ كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.

محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم ڕای‌گه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕۆڵی عێراقمان له‌ ناو كۆمكاری عه‌ره‌بیدا باس كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌كان گفتوگۆمان ئه‌نجام داوه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: "پرسه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی هه‌ریه‌ک له‌ وڵاتانی یه‌مه‌ن و سووریا و سوودان تاوتوێ كران و ئه‌بولغه‌یز زانیاریی تایبه‌ت به‌ دۆخی ئێستای سوودانی خستووه‌ته‌ به‌رده‌ست".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق زیادی کرد: "عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی ده‌كات كه‌ له‌ سه‌ر ئاستی سه‌رۆک وه‌زیران له‌ قاهیره‌ ئه‌نجام ده‌درێت و تێیدا ئه‌و ململانێیانه‌ تاوتوێ ده‌كرێت كه‌ ڕوویان کردۆته‌ ناوچه‌كه‌ و عێراقیش به‌شێک ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر".

هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕاشی‌گه‌یاند: "له‌ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بولغه‌یز به‌ شێوه‌یێكی گشتی دۆخی وڵاتانی عه‌ربیمان باس كردووه‌ و ئاسایشی كه‌نداو و هاتوچۆی ده‌ریایی له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌شێک بووه‌ له‌ بابه‌تی گفتوگۆكان و هه‌ڵوێستی عێراقیش سه‌باره‌ت به‌ گرژییه‌كانی ئه‌مریكا- ئێران ڕوون كراوه‌ته‌وه‌ و پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ سه‌رۆک كۆماری عێراق و سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی زانیاریی زیاتر ده‌خاته‌ڕوو".

له‌ کۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یز سکرتێری گشتیی کۆمکاری عه‌ره‌ب باسی له‌وه‌ کرد که‌ ئاماده‌بوونی من له‌ به‌غدا له‌سه‌ر بانگهێشتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و له‌پێناو ئه‌نجامدانی ئاماده‌کاری بۆ کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی کۆمکاری عه‌ره‌ب ئه‌نجام دراوه‌ که‌ بڕیاره‌ ڕۆژی 10ی ئه‌یلوولی 2019 له‌ شاری قاهیره‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی به‌غدا به‌ڕێوه‌ بچێت.

ناوبراو هه‌روه‌ها ستایشی ڕۆڵی عێراقی کرد بۆ که‌م‌کردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ی نێوان ئێران و ئه‌مریکا و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر تواناییی ئه‌و وڵاته‌ کرده‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی کۆمکاری عه‌ره‌ب.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی به‌غداد ئه‌لیه‌وم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86122

Your Comment

You are replying to: .
captcha