کوردپرێس- بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو، "لەكۆبوونەوەكەدا نەخشەڕێگەی گوتاری یەكگرتوو لەپاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر خرایە بەرباس، هاوكات ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو لەسەر بابەتی گۆڕانكاری لەم حكوومەتەدا وەستاو پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێی ڕاگوزەری(انتقالی)ی بە پێویست زانی بە مەبەستی هێنانەدیی یەكڕیزیی نیشتمانی و چاكسازیی خێرا لەمەسەلەی بژێوی و گوزەران و لایەنی ئەمنیی هاوڵاتیاندا".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو، "لەكۆبوونەوەكەدا ناردنی شاندی هاوبەشی هەرێم بۆ دانووستانی حكوومەتی یەكریزیی نوێ لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بەئەركی هەنووكەیی زانی، هاوكات جەخت كردنەوە لەسەر تەواوی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی هەرێم لە یاسای بودجەی فیدراڵی".
هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكگرتوو و پەیوەست بە بابەتی پەرلەمانی كوردستان، "ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی كردەوە لەمەرجعیەتی پەرلەمان و كاراكردنەوەی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی لە چاودێری و یاسادانان بە زەروور زانی، بۆ ئەوەی پەرلەمان یاسای پێویست بۆ چاكسازیی بنەڕەتی دەر بكات لە پێناو ڕاستكردنەوەی دۆخە شێواوەكە و ئاراستە كردنی ڕێڕەوی سیاسیی هەرێم".
سەرچاوە: شارپرێس
Your Comment