کوردپرێس:
دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەمە 11ی خەرمانانی 1398 بەرانبەر بە 2ی ئەیلوولی 2019 لە دادگای سینجانی ئەنقەرە دانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو، دادگاکە بڕیاری ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی لە دۆسیەی سەرەکی دەرکرد، بەڵام بەهۆی دۆسییەکانی دیکەوە لە گرتووخانە دەمێنێتەوە.
بەبێ بەشداربوونی پارێزەرانی، دانیشتنێکی دیکەی دادگایی­کردنی دەمیرتاش لە دادگای 19ی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو. دەمیرتاش لەڕێگەی تەلەکۆنفرانسەوە بەرگریی لە خۆی کرد.
لە دانیشتنەکەدا دەمیرتاش لە دۆسیەی تۆمەتەکانی ''بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستی، بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، پێشێلکردنی یاسای خۆپێشاندان و رێپێوان، هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە، هاندانی خەڵک بۆ پابەندنەبوون بە یاسا، هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان، پێداهەڵگوتن بە تاوان و تاوانباران'' دادگایی کرا.
دوای تەواوبوونی دانیشتنەکە لیژنەی دادوەری، بە کۆی دەنگ بڕیاری "ئازادکردن بە مەرجی دادوەری" لەو دۆسیەیە کە دۆسیەی سەرەکییە، بۆ دەمیرتاش دەرکرد.
دەمیرتاش گوتی "بەهۆی ئەوەی مەحکوومم، ئێستا لە گرتووخانەدام، هیوای بەخێر بۆ دادگایی دادپەروەرانە دەخوازم".
بەهۆی دۆسیەکانی دیکەی، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گرتووخانە دەمێنێتەوە و لە دانیشتنەکانی داهاتوودا و لەو دۆسیانەی ماون، بە بەشداریی پارێزەرانی بەرگری لە خۆی دەکات.
Your Comment