پەرلەمانی كوردستان پلانی كاركردنی رادەگەیەنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پلانی كاركردنی پەرلەمانی ئاشكرا كرد و رایگەیاند یەكێك لە ئەركەكانیان پەسندكردنی بودجەی گشتییە.

کوردپرێس:

ڕۆژی یەكشەممە 1-9-2019 پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە وەرزی نوێی یاساداناندا ئەنجامدا و تێیدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە گوتارێكدا رایگەیاند، پەسندكردنی بودجەی گشتی خاڵی جەوهەری و جیاكەرەوەی ئەم وەرزە دەبێت لە وەرزی یاسادانانی یەكەم، چوونكە لەڕووی یاسادانان و چاودێری و بەدواداچوونی ئامادەكارییەكانی بودجەی گشتی هەرێم، ئەركی راستەقینە و جیاواز دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمان.

ناوبراو وتیشی "بە گرنگی دەزانین لە چارەنوسی ئەو پێشنیازە یاسا و بڕیارانەی لە وەرزی یاسادانانی پێشوو ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كراون ئاگادارتان بكەینەوە بۆئەوەی پلانی داهاتوومان لەژێر رۆشنایی ئەوەبێت كە پێشتر 34 پێشنیازە یاسا ئاراستەی پەرلەمان كراوە و بە چاوی بایەخەوە لە پێشنیازی پیشكەشكراوی پەرلەمانتاران دەڕوانین و خۆمان پابەندی حوكمەكانی پەیڕەوی ناوخۆ كردوە".

هەروەها رێواز فایەق تیشكی خستەسەر پێشنیازە یاسا پەسەندكراوەكان و وتی "سێ پێشنیازی یاسا و بڕیار پەسندكراون، 14 پیشنیاری یاسا و بڕیار ئاراستەی حكومەت كراون بۆ رەزامەندیدان لەسەر بارگرانی دارایی بۆئەوەی خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت، دوو پێشنیازی یاسا مەرجی رواڵەتی پێشنیازی یاسای تێدانەبووە و ئاراستەی ئەو پەرلەمانتارانە كراونەتەوە كە واژوویان كردوە بۆ ئەوەی چاك بكرێن، یەك پیشنازی یاسا ئاراستەی حكومەت كراوە بۆ ئامادەبون لە كۆبونەوەی لیژنەی تایبەتمەند، شەش پێشنیازی یاسا و بڕیار ئامادەكراون بۆ خوێندنەوەی یەكەم لە كۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی، دوو پێشنیازی یاسا بە زمانی عەرەبی پێشكەشكراون و ئاراستەی كاروباری پەرلەمان كراون بۆ ئەوەی وەربگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی، یەك پێشنیازی یاسا رەتكراوەتەوە لە لایەن لیژنەی یاسایی، دوو پێشنیازی یاسا هێشتا رەوانەی لیژنەی یاسایی نەكراون بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەریان، یەك پێشنیازی یاسا ئاراستەی لێژنەی یاسایی كراوە و جارێ ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكراوە، دوو پێشنیازی یاسا لە لایەن ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران پێشكەش كرابوون، بەڵام لە بنەڕەتدا حكومەت لە خولی چوارەم ئاراستەی پەرلەمانی كردبوون و لە خولی پێنجەم بە نووسراوی فەرمی داوای گەڕانەوەی كردبوون لەبەر ئەوە پەرلەمانی كوردستان ئاراستەی حكومەتی كردەوە".

لە میانی گوتارەكەیدا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەو چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كرد و رایگەیاند لەگەڵ هاندانی گشت لایەنە سیاسییەكان بۆ یەكڕیزی و هەماهەنگی لە چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكان دەرەوەی هەرێم و هاندانیان بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی بڕیار لێدراو لەلایەن حكومەتی فیدراڵی، پشتیوانی سیاسی خۆیان بۆ بژاردەی گفتوگۆ لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی بە ئاراستەی دانوستانی هاوسەنگ و چارەسەری لۆجیك بۆ كێشەكان لە بەرژەوەندی كوردستانییەكان و فەراهەمكردنی كەشێكی سەقامگیری سیاسی و ئابووری رادەگەیەنن.

لە كۆتایی گوتارەكەیدا، رێواز فایەق رایگەیاند، لەبەر رۆشنایی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و پەیڕەوی ناوخۆ یەكێكی دیكە لە ئەركەكانی پەرلەمان پەسندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتییە، بۆیە پیشبینییان ئەوەیە كابینەی نۆیەم هەرچی زووە كار بۆ ئامادەكردنی بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان بكات و ئاراستەی پەرلەمانی بكات بۆ پەسندكردنی، بە تایبەت كە دوایین جار بودجەی تیایدا پەسەند كراوە ساڵی 2013 بوە.

News Code 86064

Your Comment

You are replying to: .
captcha